کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئێران كارەبای لە پارێزگای دیالە بڕی

.

06:06 PM - 20/01/2022

ئێران كارەبای لە پارێزگای دیالە بڕی
ئێران كارەبای پارێزگای دیالەی بڕی كە لەڕێگەی دوو هێڵەوە 550 مێگاواتی بۆ دەنارد، بەوهۆیەشەوە كارەبای نیشتمانی لە سنووری ئەو پارێزگایە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پارێزگای دیالە بە ئاژانسەكانی هەواڵی راگەیاندوە، حكومەتی ئێران بەهۆكارێكی نادیار كارەبای لە پارێزگای دیالە بڕیووە، كە لەڕێگەی دوو هێڵەوە كارەبای بۆ دەنارد.
وتیشی، ئێران لەڕێگەی هێڵی (خانەقین- سەرپێڵی زەهاو) 150 مێگاوات كارەبای دەنارد، لە هێڵی (دیالە- میرساد)یشەوە 400 مێگاوات كارەبای دەنارد، بەڵام بەهۆكارێكی نادیار كارەبای ئەو دوو هێڵە بڕاوە، بەوهۆیەشەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی لەسەدا 70 كەمیكردووە.
پارێزگای دیالە پێویستی بە 800 مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام ئێستا 250 بۆ 300 مێگاوات كارەبای نیشتمانی پێدەدرێت، ساڵانێكی زۆریشە پارێزگاكە بەدەست كەمی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنێت، كە هۆكارەكەی بۆ ناجێگیری و بڕانی كارەبای ئێران دەگەڕێتەوە، بەهۆكاری هونەری یاخود نەدانی پارەی كارەبای ئێران لەلایەن حكومەتی عیراقەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە