کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میدیا لە سەردەمی تیك تۆكدا

.

03:47 PM - 18/01/2022


میدیا لە سەردەمی تیك تۆكدا
لەشکر حەمە ساڵح
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكایی هەلی كاری بۆ رۆژنامەوانێكی شارەزا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیك تۆك)دا راگەیاند بۆئەوەی ئەو رۆژنامە رەسەن و خاوەن مێژوو و بەناوبانگە جێگەی خۆی لەو ئەپە تازەیەدا بكاتەوە.
ئەو كەس و لایەنانەی گرنگی بە بواری میدیا و پێشهات و گەشەكردنەكانی دەدەن، لە بایەخ و گرنگی ئەم هەواڵە تێدەگەن. بەم هەواڵەدا دەزانن كە سەردەمەكە تا چەندێك گەشەی كردووە و تا چ ئاستێكیش گۆڕانكاریی خێرا و جۆرایەتی بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەك دەشزانن كە میدیا تەقلیدییەكان چۆن هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنن بۆ ئەوەی لە كاروانەكە بەجێ نەمێنن.
گرنگیی ئەم زانیارییە ئەوەیە كە یەكێك لە گرنگترین و بەناوبانگترین رۆژنامەكان لەسەر ئاستی جیهان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو رۆژنامەیەی سەردەمانێك و بگرە تائێستاش كاریگەریی هەیە لەسەر بڕیاری سیاسی لە ئەمریكا و تەنانەت جیهانیشدا، بە دوای كەسێكی شارەزادا دەگەڕێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی سەكۆی رۆژنامەكە بكات لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك، ئەو تۆڕەی كە ماوەیەكی كەمە دامەزراوە و لە زۆر وڵاتدا بە كوردستانی خۆشمانەوە، بە تۆڕێكی ئاستنزمی پڕ لە گاڵتەجاری لە قەڵەم دەدەرێت كە زۆر كەس پێی شەرمە هاوڕێكانی بزانن ئەكاونتی تێدا كردۆتەوە یان تەنانەت كەسانێكی زۆر هەن نایانەوێت كەسوكاریان بزانن ئەو ئەپەیان لەسەر مۆبایل و تابلێتەكانیان داونلۆد كردووە، بەڵام تیك تۆك، ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەی لە ماوەیەكی پێوانەییدا گەشەكردنێكی گەورەی بەخۆیەوە دیوە و لە مانگی تەمموزی رابردوودا سێ ملیار جار ئەپڵیكەیشنەكەی لەسەر مۆبایل و تابلێت داونلۆد كراوە، کە لە ساڵی 2020 پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی ئەو ئەپانەی بە خێرایی گەشە دەكەن و فراوان دەبن، ئەوانەش نیشانەی ئەوەن كە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لە سەردەمی گەشەكردنی خۆیدا دەژی و لە ئاست بیركردنەوە و بەكارهێنانی بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندایە و خواستەكانیان پڕ دەكاتەوە.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەشەكردنی تیك تۆك لە ماوەیەكی پێوانەییدا، داهێنانی جۆرێكی نوێی تۆڕی كۆمەڵایەتییە كە پشت دەبەستێت بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ستوونی (گونجاو بۆ مۆبایل) كە ماوەكەی لە 60 چرکە زیاتر نەبێت (گونجاو بۆ خواستی خەڵكی ئەم سەردەمە كە حەزی بە خێرایی و كورتبڕییە).
ئەم پێشهاتە كە پەیوەندیدارە بە رۆژنامەیەكی وەك واشنتۆن پۆست و تۆڕێكی كۆمەڵایەتی وەك تیك تۆك مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و لێكدانەوەیە.
لە كوێوە هاتین و گەیشتینە كوێ؟ ئێمە لە چ سەردەمێكدا دەژین؟ تەوژمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە كەمترین پێوەری متمانە و رەوشت و بەهای مرۆیی و رێزگرتن لەوانی تری تێدا رەچاو دەكرێت، مرۆڤایەتی بەرەو كوێ دەبات؟ میدیای تەقلیدی، كە خاوەنی سومعە و ناوبانگ و متمانەی زۆرێك لەو كەسانەن كە خەریكە پێیان دەڵێن كەسانی بە تەمەن، چیان بەسەردێت؟ بە دیوێكی تریشدا، میدیای كوردی چۆن خۆی دەگونجێنێت؟
جێدەمێنێت؟ یان بە بەشە كەمەی ئێستای رازی و بێدەنگ دەبێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە