کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەفدێكی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەردانی ئێرانی کرد

.

09:25 PM - 28/12/2021

وەفدێكی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەردانی ئێرانی کرد

وەفدێكی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کە پێکهاتبوو لە سەرپەرشتیاری دەروازە، لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان، بەرپرسی نوسینگەی گواستنەوەی پەروێزخان، نوێنەری پۆلیسی پاسەوانی سنورو نوێنەری گشتی شۆفێرانی پەڕوێزخان، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ئێران یان کرد و کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

وەفدی دەروازە لەلایەن هەریەک لە ئاغای موتەلبی، بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان/ئێران و ئاغای عزیزی، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان/ئێران و بەرپرسانی تری دەروازەی پەروێزخان/ئێران پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەکەدا، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ بەوەکالەت و شاندی دەروازە، کێشەو گرفتەکانی دەروازەکەیان گەیاندە بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ئێران.

لەکۆبونەوەکەدا سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، کارئاسانی بۆ بازرگانان و شۆفێرانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەپێناو برەودان بە جموجۆڵی بازرگانی و زیادکردنی داهاتی دەروازەکە بۆ هەردوولا.

داواشیکرد، ئەو کێشەو گرفتانەی کە ڕوبەڕووی  شۆفێرانی کورد دەبنەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەری پێویست و خێرایان بۆ بکات، هەروەک ڕێز لە شۆفێرانی کورد بگیرێت.

لەبارەی هاتوچۆی گەشتیاریشەوە، عەباس ئیسماعیل، داوایکرد گەشتکردنی بە مەرج هەڵبوەشێنرێتەوە، هاوشێوەی هاوڵاتیان و گەشتیارانی ئێرانی، هاتوچۆکردنی بۆ ئەو وڵاتە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئاسایی بکرێتەوە.

لای خۆیەوە ئاغای عزیزی، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان/ ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، دوای گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسانی گومرگ و دەروازە، ماوەی مانگێکە جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە.

بەرپرسانی گومرگ و دەروازەی پەروێزخان/ئێران بەڵێنیاندا، کاری پێویست بکەن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی کە شاندی دەروازە/هەرێمی کوردستان خستیانەڕوو.

داواشیانکرد، کارێک بکرێت کە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان هاوشێوەی ڕابردوو ببێتەوە بە دەروازەیەکی پڕ لەجموجۆڵی بازرگانی.

دوای کۆبونەوەکەش بەرپرسانی هەردوولا گۆڕەپانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ئێران یان بەسەر کردەوە، گوێیان لە کێشەو گرفت و داواکاری شۆفێران و کاسبکاران گرت.

ڕاگەیاندنی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە