کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مان سیتی و سان جێرمان لەبەرامبەر كلوب بروج و لایپزیگ یاری دەكەن

.

09:55 PM - 18/10/2021

 یاریگاكانی ئەوروپا جارێكی تر ئامێز بۆ بەرێوەچوونی یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەكەنەوە و جەولەی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی ئەو خولە بەناوبانگە بەرێوە دەچێت، لەركابەریەكانی كۆمەڵەی یەكەم و لەسەعات 7و45 دەقیقەی رۆژی سێ شەممە یانەی مانچستەرسیتی ئینگلیزی دور لەیاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی كلوب بروجی بەلجیكی، مان سیتی لەژێر سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی كاروانەكەی لەپاڵەوانێتی یەكە بەبردنەوەیەكی گەورە دەستپێكرد و بە 6 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ شكستی بەلایپزیگی ئەڵمانی هێنا، بەڵام لەدووەم یاریدا لەبەرامبەر پاریس سان جێرمانی فەرەنسی بە2 گۆڵی بێ وەڵام روبەروی شكست بۆوە و ئێستا بە 3 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە و ئامانجیانە بتوانن سەركەوتن تۆمار بكەن و هەنگاوێك بچینە پێشەوەی ریزبەندی بەتایبەت كە جیاوازی خاڵەكانیان لەگەڵ كلوب بروجی ركابەری تەنها یەك خاڵە كە ئەو یانە بەلجیكیە لەدوو یاری رابردووی یەكسان بوونێك و بردنەوەیەكی هەیە و بە 4 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەپلەی دووەمدایە.
لەیاریەكی تری هەمان كۆمەڵە كە سەعات 10ی شەو دەستپێدەكات پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و لایپزیگی ئەڵمانی لەیاریگای پارك دو پرانس بەیەك دەگەن، یانە پاریسیەكە بەراهێنەرایەتی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی ئەرجەنتینی راهێنانە ئامادەكاریەكانی بۆ ئەو یاریە گرنگە ئەنجامدا، راهێنانەكان بەئامادەبوونی زۆربەی زۆری ئەستێرەكانی بەرێوەچوو، لەسەروی هەمووشیانەوە لیۆنێل میسی كە هاندەرانی ئەو یانەیە هیواكانیان پێ بەستۆتەوە تا سەركردایەتی یانەكە بكات بەرەو بەدەستهێنانی یەكەم نازناوی پاڵەوانێتی یەكە كە لەم وەرزەدا سان جێرمان توانای ركابەریكردنی هەیە بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرە یاریزانە دیارە لەریزەكانی، پاریس سان جێرمان پێش ئەم یاریە بە 4 خاڵ لە بردنەوەیەك و یەكسان بوونێك پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتووە بەجیاوازی گۆڵ لەپێش كلوب بروجی دووەم، بەهەمان شێوە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی راهێنانەكانی ئەنجامدا بەو ئامانجەی یەكەم سەركەوتن لەم وەرزەی پاڵەوانێتی یەكە تۆمار بكات دوای ئەوەی لەدوو جەولەی رابردوو لەبەرامبەر یانەكانی مان سیتی و كلوب بروج روبەروی شكست بۆوە، جیسی مارشی راهێنەری لایپزیگ هەرچەندە دەزانێت ئەركیان قورسە، بەڵام متمانەی بەیاریزانەكانی هەیە بۆ تۆماركردنی یەكەم سەركەوتن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش چاوی لەتواناكانی كریستۆفەر نكۆنكۆیە كە لەدوو شكستەكەی رابردوو هاتریكی لەبەرامبەر مان سیتی و گۆڵێكی لەبەرامبەر كلوب بروج تۆماركردووە، هەردوو یانە لەپێشتردا سێ جار لەچامپیۆنس لیگ روبەروی یەك بوونەتەوە، لەوەرزی2019 بۆ 2020 لەقۆناغی پێش كۆتایی پاریس سان جێرمان توانی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتن تۆمار بكات، لەقۆناغی كۆمەڵەكانی وەرزی رابردووش لایپزیگ یاری چوونی یاریگای خۆی بردەوە و لەیاری گەرانەوەش سان جێرمان لەیاریگای خۆی بەگۆڵێكی نەیمار بەلێدانی پەناڵتی بردنەوەی تۆماركرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە