کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد :بەیەكەوەین،چونكە پەرتەوازەییمان هەمیشە نەیارانی بەهێز كردووە

.

08:32 PM - 26/09/2021

جەخت لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی پرۆسەی دەنگدان كرایەوە

رۆژی یەك شەممە 26/9/2021 خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێری مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی، لەگەڵ ژمارەیەك لەبەرێوەبەرە گشتی و بەرێوەبەرانی هێزەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ كۆبۆوە.

لەوكۆبوونەوەیەدا كەلیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئامادەیبوو، گفتوگۆكرا دەربارەی ئامادەكارییەكان بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو رێوشوێنانەی كەپێویستە بگیرێتە بەر لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی شار لەرۆژی دەنگداندا.

لەوبارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند دەبێ هەمووان كاربكەین بۆ ئەوەی دۆخێكی ئارام و سەقامگیر لەهەرێمی كوردستان فەراهەم بكرێت تا دەنگدەران بەوپەڕی ئازادییەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و متمانەی خۆیان بدەنە ئەو نوێنەرانەی كەدەیانەوێ لەبەغداد بەرگری لەمافەكانیان بكەن.

لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی یەكێتی و گۆران ئەمجارە بەیەك دەنگ دەچنە بەغدا و بەیەكەوەین،چونكە پەرتەوازەییمان هەمیشە نەیارانی بەهێز كردووە، بۆیە دەبێ یەك دەنگ و یەك گوتار بین و پارێزگاری لەیەكریزیمان بكەین لەپێناو خۆشگوزەرانی میللەتەكەماندا، كەهەموو ئەمانەش زامنی بەهێزبوونی پێگەی كورد دەكەن لەبەغدا.   

سەرپەرشتیاری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی وتیشی دەزانین ئەركەكەمان سەختە بەڵام لەشێوازی بەدەنگەوە هاتنی كادران و دڵسۆزانی یەكێتی یەوە بۆمان دەردەكەوێ كەسەركەوتنمان مسۆگەرە.
 
هەر لەكۆبوونەوەكدا لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بەرچاوروونی دا لەسەر ئەو ئەركانەی كەهێزەكانیان لەئەستۆی دەگرن لەرۆژی دەنگداندا و رایگەیاند ئامادەكاری كراوە و سەرجەم هێزەكان هەماهەنگیان هەیە لەپێناو سەرخستنی ئەو پلانەی بۆ  رۆژی دەنگدان دانراوە و وتیشی متمانەی تەواومان بەهێزەكانمان هەیە كەبێ لایەنانە ئەركی پیشەیی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ئارامی پرۆسەكە بپارێزن.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان راو سەرنج و پێشنیازەكانی خۆیان خستەروو بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە چارەنوسسازە نیشتمانییە و هیوایانخواست ئەنجامی هەڵبژاردن بەخێر و خۆشی و بەرژەوەندی گەلی كوردستان و عێراق بكەوێتەوە، لەبەرامبەردا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هانیدان كەهەوڵی خۆیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی سندوق و ناوەندەكانی دەنگدان ، هاوكات سوپاسی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و ئامادەبووانی كرد كەتا ئەم قۆناغە بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە كارەكانی خۆیان زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە و هەمیشە جێی شانازی بوون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە