کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی حزب و یەكێتی حكومەتداری

.

11:50 AM - 31/07/2021

بۆ كادر و هەوادار و پێشمەرگە و تەنانەت خەڵکی کوردستانیش، گرنگ نییە لە سەرەوەی هەرەمی یەکێتی چی دەگوزەرێت. ئەوان یەكێتییەكی تۆكمەی ئارامیان دەوێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە دامەزراوە و دەستی بە شۆڕش كردووە، لە ناوەڕاستی هەشتاكان ژمارەی پێشمەرگە و ناوچە ئازادەكانی تا دەهات زیاتر دەبوو، جۆرەها بیروبۆچوون و حزب و كەسانی ناڕازی لە بەعس، لەو ناوچانە دەژیان كە بە هێزی یەكێتی ئازاد کرابوون و تا رادەیەكی باش لە هێمنی و ئارامیدا بوون. هەموو ئەو خەڵكە هەڵگری بیروباوەڕی یەكێتی نەبوون، رەنگە بەشێكیشیان لە هەڵسوكەوت و سیاسەتی ئەوكاتە و شێوازی خەبات، لەگەڵ یەكێتی نەبووبن، بەڵام هەم یەكێتی خۆی بە خاوەنی ئەوان و ئاسایش و ئارامییان دەزانی و هەم ئەوانیش لە خەمی باشتركردنی بارودۆخەكە رەخنەیان دەگرت و بەرچاوڕوونیشیان دەدا.

ئەمجۆرە لە پێكەوە هەڵكردن لە ناوچە و كۆمەڵگەیەكی كەم و بچووكدا (هەروەك شار – دەوڵەتەكانی یۆنان) دروست و راستە، بەڵام كە سنوورەكانی كۆمەڵگە و جوگرافیای سیاسی بەرفراوان دەبن، سروشتی ئەم ململانێیەش گۆڕانی بەسەردا دێت و هۆكارەكانیش دەگۆڕێن. هەروەك لە یەكەم جیابوونەوەكانی یەكێتی بینرا.

حزبی سیاسی جیهانی سێیەم یان ئەوەتا هێندە ناوەندگەرایە كە دیكتاتۆرییەكی تایبەت بە خۆی دەبێت، یان دیموكراسییەكە كە زوو زوو دەكەوێتە بەر شەپۆلی جیابوونەوە و لێكترازان. یەكێتی لە جۆری دووەمە و ئەمەش یەكێكە لە خەسڵەتە جیاواز و باوەكانی یەكێتی و ئەگەر ئەمەی لێ بكرێتەوە، یەكێك لە كۆڵەکەكانی دەكەوێت، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستای حزبایەتی و حكومەتداری ئیتر ئەم روانینە رەنگە باش نەبێت.
مام جەلال لەدوای راپەڕینەوە هەمیشە ئەوەی دووبارە دەكردەوە كە: ی.ن.ك ئیتر هێزەكەی شاخ نییە و لێدوانێكی بە جۆرێكی بەرپرسێك كار دەكاتە سەر ژیانی خەڵك.

لەراستیدا یەكێتی ئێستا یەكێتیەكەی یاخسەمەر و قەرەداغ و گەرمیان و …هتد نییە. هەر گرفتێك لە سەركردایەتی ئەم حزبەدا هەبێت راستەوخۆ كار لە ژیانی خێزانێكی گوندنشین دەكات، چ بگات بە شارنشینەكە، كە لە راستیدا بۆ شارەكان كاریگەرییەكانی نەك راستەوخۆن، بەڵكو كوشندەن، چونکە یەكێك لە خەسڵەتی شارنشینی هێمنی و ئارامی و زۆریی خزمەتگوزارییەكانە.

راستە بەشێك لە لێكدانەوە و بۆچوونی خەڵكانی دەرەوەی یەكێتی خزمەت بە ئاڵۆزبوونی رەوشە حزبی و حكومەتدارییەكە دەكات، بەڵام یەكێتی لەوە وریاترە كە لە وتەی دۆست و دوژمن تێنەگات و ئاوە لێڵەكان نەبینێ كە هەندێك دەیانەوێ راوی تێدا بكەن، لەسەردەمی شاخیش هەر وابووە، یەكێتی هەمیشە خۆی بە خاوەنی ژیان و ئارامی خەڵك زانیووە، لەراستیدا سەركردەكانی کەسانێک بوون هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردووە بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەكانی خەڵك بێ جیاوازی. ئێستاش نەوەی پەروەردەی بیروباوەڕی مام هەمانن. یەكێتییە دڵسۆزەكان نابێت مێژووی خۆیان و سەروەرییەكان و خاڵە بەهێز و بنچینەییەكانی خۆیانیان بیربچێتەوە. ئەوانن داینەمۆی بەردەوامی و گەشەكردن و چاككردنی بارودۆخی یەكێتی. بۆ یەكێتی نوێش دەبێت شێوازی پەرچەكردار و خزمەتگوزاریی لە حزب و حكومەت بگۆڕێت. ئایا دوای ئەم هەموو (شۆكە) كاتی نەهاتووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە