کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەلاماردانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا

.

10:43 AM - 14/07/2021

بورهان شێخ رەئوف
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەكانی ئەمریكا كەوتنە بەر پەلامارو شاڵاوی میلیشا چەكدارەكان لە عێراق و سوریا لە هەماهەنگیەكی ورد و نەخشە بۆ داڕێژراودا .
سوپای عێراق لە 8/7/ 2021 لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە شەوی چوارشەمە سێ‌ مووشەك  لە نزیك باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدادی پایتەخت كەوتوونەتە خوارەوە ،دوای ئەوەی  بنكەی  عەین ئەلئەسەدیش لە پارێزكای ئەنبار كەوتە بەر پەلامارێكی ڕۆكێتی تر ،لە سوریای دراوسێ‌ ی عێراقیش هێزەكانی ئەمریكا بەر شاڵاوی هاوشێوە كەوتن ،هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكا هێرشێكیان بە درون ( فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ) بۆ سەر چاڵە نەوتەكانی عومەر لە ریفی دێرزور شكست پێهێنا .
هەر لەو چوارچێوەدا دوای چەند سەعاتێك  شەوی دووشەمە لە سەر سێشەمە ی ڕابردوو پاش خستنە خوارەوەی درونێك لە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ،فڕۆكەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێریش لە هەرێمی كوردستان كە بنكەی هێزەكانی  هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی تێدایە  كەوتە بەر هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان ,بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیانی وای لێ نەكەوتۆتەوە تەنها هەندێك پووش و پەڵاش سووتاوە .، لە هەمانكاتدا وتە بێژی هێزەكانی هاوپەیمانیش ڕایگەیاند كە درونێك لە نزیكی فڕۆكەخانەی هەولێر  تەقیوەتەوە زیانی گیانی نەبووە . ئەوەشی ڕاگەیاند كە هاوپەیمانان هاوكاری و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە دەكەن بۆ پاراستنی هەرێم .
دوای دوازدە سەعات لە هێرشەكەی هەولێر بنكەی عەین ئەسەدیش لە خۆرئاوای عێراق كەوتە بەر 14 مووشەك لە جۆری گراد .
ملیشیاكانی سەرایای  ئەولیائولدەم بەرپرسیارێتی هێرشەكەی هەولێریان گرتە ئەستۆ ،لەلایەكی ترەوە میلیشاكانی تۆڵەی خوێنی موهەندیس  بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەكەی سەر بنكەی عەینوئەسەد ڕاگەیاند.
سوپای ئەمریكا زانیاری وڕاپۆرتی  وردی داوە بەحكومەتی  عێراق لە سەر ئەو لایەنانەی كە لە پشت هێرشەكانی سەر هەردوو بنكەی عەینلئەسەد و هەولێرو ناوچەی سەوزی بەغداوەن ، شوێن و كاتی هەڵسانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و بەكارهێنانی تواناكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەنجامدانی پەلامارەكانیان .
پرسیارە گرنگەكە و مەترسی گەورەی ئەم هەڵكشانی توندوتیژییە ئەوەیە كۆسپ و بەربەستی گەورە بۆ هەڵبژاردنە پێشووەختەكەی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو دروست بكرێت و ئەنجام نەدرێت بۆ مانەوەی زۆرتاقم ومیلیشات كە جومگەی گەورەی دەستەڵاتیان لە عێراقدا قۆرخكردووە ، دەترسن لە دوای هەڵبژاردنەكە لە دەستی بدەن .
لە لایەكی ترەوە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو كۆبوونەوەی وەزیری بەرگری عێراق جومعە عیناد و باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق(ماسۆ تیلەر)  پێش هێرشەكەی  سەر فڕۆكەخانەی هەولێر  بە داخراوی ئەنجامدرا و بە وەزیرەكەی عێراقی ڕاگەیاندووە كە زانیاری و بەیاناتی وردیان لە بەردەستدایە لە سەر ئەو تاقم و چەكدارانە كە هەڕەشەو مەترسین بۆ سەر هێزەكانیان و بارەگاكانی حەشدی شەعبی بەكاردێنن و پێ ی ڕاگەیاندووە كە ئەمە كاردانەوەو كاریگەریسیاسی  توندی دەبێت نەك هەر ئەمنی .
لە بەرامبەریشدا سەركردەكانی حەشدی شەعبی ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە شوێنگۆڕكێیان بە هێزو سەركردەكانیان كردووە ، لە ترسی هەر كاردانەوەو گورزی هێزەكانی ئەمریكا ، پێشبینی ئەوە دەكەن ئەمجارە گورزەكانی ئەمریكا شوێن و جێگەو پێگەی تر بگرێتەوە نەك سنوورەكانی سوریاو عێراق .
لە كۆتاییدا هەموو ئەو  كێشەو ململانێ‌ ی درێژخایەنانەی نێوان  ئێران و ئەمریكا لە سەر خاكی عێراق ئاكامەكەی كارەساتبار دەبێت بۆ گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە , بۆیە بڕیاردان لە سەر هەر پێشهات و بڕیارێك لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارانە پێویستی كۆدەنگی نیشتمانی یە لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی فیدراڵی عێراق ، نەك تەسلیم بوون بە ئیرادەوخواستی هەندێك تاقم و میلیشیاتی وابەستە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە