کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی: بەشداریپێکردنی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی شنگال، فاکتەرێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئارامیی قەزاکە

.

01:35 PM - 22/06/2021

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێیان.
لە دیدارێکدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان لە پێناو ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی هەرێم.
هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیکرد بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لە نێوان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە پێناو یەکڕیزی و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، وتیشی: هاندەر دەبین بۆ لایەنەکانی تر کە دوای هەڵبژاردن بێنە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە، چونکە ئێمە وایدەبینین بەیەکەوە بەهێزترین و دەتوانین تەواوی مافەکانی کورد لە بەغدا بەدەستبهێنین.
ڕاشیگەیاند ئێمە بەشداریی شەڕی دۆڕاوی براکوژی ناکەین و داوا دەکەین بە ئاشتی کۆتایی بەو گرژییانە بهرێندرێت کە لە ئارادان.
دووپاتیشی کردەوە؛ وەک‌‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چاکسازیی و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، جەختیشیکردەوە کە ڕاگرتنی بنەمای هاوسه‌نگی و باڵانسی هێز و یه‌كسانی له‌ فه‌رمانده‌یی و مه‌شق و چه‌كدا دەبێتە مایەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیش دەبێتە خاوەنی هێزێكی نیزامیی مه‌شقپێكراوی تۆكمه‌ی نیشتمانی.
هاوسەرۆک بەردەوامی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە پێویست زانی بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بە تایبەت لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەی بە دۆخی شنگال کرد و جەختیکردەوە لەسەر پەراوێزنەخستن و بەشداریپێکردنی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی شنگال کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئارامیی قەزاکە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی پێزانینی خۆی پێشکەش بە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتووی.
وتیشی وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیی بۆ هەوڵ و چالاکیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕین.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمەریکا هاوڕایی خۆی دووپات کردەوە بۆ سەرنج و ڕوانینەکانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سوپاسی پشتیوانییەکانی بەڕێزیانی کرد لە چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە