کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

باوەڕەکان

.

09:53 AM - 16/06/2021

نزار شانەدەری

وای دابنێ کە نەستی مرۆڤ وەک کۆمپیوتەرێک وایە،وەک چۆن ئێمە کۆمەڵێک زانیاری دەدەین بە کۆمپیوتەر، نەستی ئێمەش بەهەمان شێوە لەڕێگەی پێنچ هەستەکانەوە (بینین، بیستن، لەمسکردن، بۆنکردن، تامکردن) زانیاریەکان وەردەگرێت لە جیهانی دەرەوە، بەڵام جیاوازی نەستی ئێمە لەگەڵ کۆمپیوتەر ئەوەیە، کە زۆربەی زانیاریەکان بێ خواستی ئێمە وەردەگرێت. نەستی ئێمە لێکدانەوە بۆ تەواوی زانیاریە هاوردەکراوەکان دەکات و لە کۆتایدا دەرکردەی دەبێت. دەرکردەکانیش ڕەفتارەکانی ئێمەن، ئینجا چ باش یان خراپ. هەموو زانیاریەکانیش لە نەستی ئێمە بەپێی باوەڕەکانمان هەڵدەسەنگێنرێن. باوەڕەکانی ئێمەش هەر لەمنداڵیەوە بۆ ئێمە دروستکراون (باوەڕە بنیادیەکان) ئینجا بەهۆی ژینگەوە باوەڕی تر زیاد بوونە و بوونەتە باوەڕی هەمیشەیی. باوەڕەکانی هەموومان جیاوازن، چونکە هەر یەکێکمان لە خێزانێکی جیاواز پەروەردەکراوین ئینجا لە ژینگەی جیاواز گەشەمان کردووە. ئەم باوەڕانە وەک فلتەر لە نەستی ئێمەدا کاردەکەن، واتە زانیاریەکان فلتەردەکەن (سڕینەوە، شێواندن، زیادکردن). دوای ئەوە بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی، کە ماونەتەوە خرووجی بەرهەم دەهێنێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە ڕەفتارەکانی ئێمە بەرهەمی باوەڕەکانمانن و هەڵچوونەکانی ئێمەش دەکەونە ژێر کاریگەری باوەڕەکانمانەوە. تەواوی ئەم پڕۆسەیەش خەتای ئێمەی تێدانیە، چونکە ئێمە بە ناهۆشیاریەوە زانیاریەکانمان قبووڵکردووە، بەڵام ئێستا خەتای ئێمە نیە چونکە زانیمان سیستەمی دروستبوونی باوەڕەکان چۆنە. هەندێک باوەڕیشمان هەن، کە پێیان دەگوترێت (باوەڕی فیلی). ئەم ناونانە لەوەوە هاتووە کاتێک، کە بەچکە فیلێک ئامادە دەکرێت بۆ یاریکردن لە ناو سێرک، زنجیرێکی بەهێزی بە قاچیەوە دەبەستن بۆ ماوەی چەند ساڵێک و کاتێک فیلەکەش دەبردرێتە ناو خەڵک، فیلەکە هەوڵی ڕاکردن نادات، چونکە پێی وایە زنجیرەکە هەر بە قاچیەوە بەستراوەتەوە. ئێمەش دەبێت باوەڕەکانمان بناسین، چونکە باوەڕەکانی ئێمە بەرهەمهێنەری کەسەیاتی ئێمەن. یەکێک لە گرنگترین کارەکان، کە دەبێت بۆ خودناسین ئەنجامی بدەین، ئەوەیە باوەڕەکانمان بناسین. کاتێک گەیشتینە ئەو ئاستە هۆشیاریەی، کە دەبێت باوەڕی خراپمان بگۆڕین بۆ باوەڕی باش، ئەوکات هەست بەوە دەکەین، کە خەریکە نزیک دەبینەوە لە خودهۆشیاری. بەو پێیەی کە باوەڕەکانی ئێمە جیاوازن لەگەڵ یەکتر، دەبێت ئەوە بزانین کە لەگەڵ کەسانی زۆر جیاواز دەژین لە کۆمەڵگادا. بۆیە دەبێت ئاگاداری ڕەفتار و گوفتارەکانمان بین. بۆ ڕوونتربوونی باوەڕەکان دەتوانین بڵێین هەر بابەتێک سێ لایەنی هەیە: ڵایەنی یەکەم: تێڕوانینی من لایەنی دووەم: تێڕوانینی تۆ لایەنی سێیەم: ڕاستی تێڕوانینی من و تۆش لە باوەڕەکانمانەوە سەرچاوە دەگرن. بۆیە هەمیشە دوو ڕای جیاواز دروست دەبن. ڕاستی بابەتەکەش ڕەنگە شتێکی تر بێت، بۆیە دەبێت هەمیشە گرنگی بە خودناسین بدەین، چونکە بەشی هەرە گرنگی خودناسین، باوەڕناسیە نوسەروڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە