کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

داخرانی عەقڵ

.

09:13 PM - 06/06/2021

داخرانی عەقڵ
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕۆشنبیر ئەو كەسە نییە تەنها بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕۆشنبیر ئەوەیە ڕۆشنایی بیری بكەوێتەسەر كۆی بوارە جیاوازەكانی ژیان و لەبەر ڕۆشنایی بیریدا شیتەڵیان بكات و قبوڵیان بكات بەجیاوازیەكانیشیانەوە، وەزیفەی ڕۆشنبیرە وەك چۆن بەچاوی لایەنگری دەڕوانێتە ئایدۆلۆژیایەكی سیاسی یان دینی، لەبەرامبەردا ئایدۆلۆژیا دژەكانیش بخوێنێتەوەو پێی قبوڵ بێت و وەك جودێك لێی تێبگات نەك كردار.

هەرگیز جیهان لەیەك ئایدۆلۆژی و بیركردنەوەدا یەك ناگرێتەوە، وەك چۆن لەسیاسەت و هێزدا جیهان دابەشی قوتبی جیاواز و بەرەی جیاواز بووەتەوە، ئەوا لەڕووی ئایدۆلۆژیایشەوە جیهان لەبەرداشی ئایدۆلۆژیا جیاوازەكاندایە، هەر كەسێك پێیوابێت جیهان دەبێتە یەك جۆر بیركردنەوە یان هەموو مرۆڤەكان لەسەر یەك جۆر بیركردنەوەی دڵخواز دەچنە یەك بەرەوە، ئەوە شتێكی دیماگۆجی خۆخەڵەتێنەرە، ئەوی چەپ ئەگەر ئەویتری ڕاستی پێ قبوڵ ناكرێت، ئەوا بەردەوام لەباری داخرانی عەقڵیدایە.

هەموو مرۆڤێك لەباری داخرانی عەقڵدایە، تەنها ئەوەی خۆی دەیڵێت بەڕاست و دروست دەزانێت، یان تەنها ئەو دەقانە دەخوێنێتەوە كە سوودێك بە ئەو دەگەیەنن، چونكە داخرانی عەقڵ لەو چركە ساتەدا بەتەواوی هەستی پێدەكرێت كە ئەو داخرانە ناهێڵێت شتێكی جیاواز لەبیركردنەوەی خۆی بچێتە سنووری بیركردنەوەی ئەوەوە و پێكدادان درووست ببێت.

هەر كۆمەڵگەیەك گەیشتە قۆناغی داخرانی عەقڵی، ئەوا سوود لەهیچ بیركردنەوەیەكی تر و عەقڵێكی نوێ وەرناگرێت، داخرانی عەقڵ پێچەوانەی كرانەوەی عەقڵە، لەكاتێكدا داخرانی عەقڵی ئەوەیە كە ناهێڵێت هیچ بیركردنەوەیەكی جیاواز لەناو هەمان مرۆڤدا سەر هەڵبدات كە لەگەڵ بیركردنەوەی ئەو یەكناگرێتەوە، ئەوا كرانەوەی عەقڵ تەواوی ئایدۆلۆژیەكانی دیكەی قبوڵە و ڕۆژانەش لەگەڵیاندا مامەڵە دەكات.

ساموئێل هانتینگتۆن نوسەری كتێبی "پێكدادانی شارستانیەتەكان" باس لەوە دەكات شارستانیەتی ئیسلامی زۆر لەشارستانیەتی خۆرئاوایی دەوڵەمەندترە و چۆن ئەوروپیەكان توانیوویانە سوود لەشارستانیەتی ئیسلامی وەربگرن، لەكاتێكدا ئیسلامیەكان نەیانتوانیووە سوود لە شارستانیەتی خۆرئاوایی وەربگرن و تێكەڵبوون بەشارستانیەتی خۆرئاوایی بەكوفر ناودەبەن.

بەپێچەوانەی ئیسلامییەكانی خۆرهەڵات كە ناتوانن سوود لە شارستانیەتی خۆرئاوایی وەربگرن و لەقۆناغی داخرانی عەقڵیدان، هاوكات بەناو !! عەلمانیەكانی خۆرهەڵاتیش هەمان داخرانی عەقڵیان هەیە، نە خاوەن بیرێكی كراوەی خاوەن تۆلێرانسن وەك عەلمانیەكانی ئەوروپا و خۆرئاوا، نە ئەوەندەش عەقڵ كراوەن بتوانن سوود لەشارستانیەت و كەلەپووری ئیسلامی وەربگرن وەك چۆن خۆرئاواییەكان سوودیان لێوەرگرتووە.

ئەگەر بۆ عەقڵی ئیسلامی و بیری ئیسلامی سیاسی یەكجار عەیبە بێت نەتوانن هەندێك كرانەوە و نوێخوازی قبوڵ بكەن، ئەوا بۆ بەناو عەلمانی و عەقڵەكراوەكان دەیانجار عەیبە و كەمووكورتی و داخرانی عەقڵ و ژەنگهەڵهێنانی عەقڵە كە نەتوانێت بیركردنەوەیەكی جیاوازتر قبوڵ بكات و لەگەڵیدا هەڵ بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە