کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە

.

10:13 PM - 12/05/2021

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان،
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، لە ناخی دڵمەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشك و برا مسوڵمانەكانمان دەكەم لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان، پیرۆز بێت لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، لە پێشمەرگە قارەمانەكان لە كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزی دژەتیرۆر و زیندانییانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەكەمان. ئاشكرایە، مسوڵمانان لە مانگی پیرۆزی پڕ خێر و بەرەكەتی ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو دەبن و نزا دەكەن و ئەو مانگە دەكەنە دەرفەتێك بۆ بەخۆداچوونەوە و پاكبوونەوەی دڵ و دەروون و نوێبوونەوەی ژیان، جەژنیش دەكەنە دەرفەتێك بۆ لێبووردن و گەردن ئازادی لە یەكتر، ئێمەش لەم كاتەدا كە جەژن دەگێڕین، وڵاتەكەمان لە بەردەم هەڕەشەی داعشدایە، ناوماڵی كورد یەكڕیز و تەبا نییە، كێشە و قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆكی گرتوین، هاونیشتیمانییەكانمان لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان چاوەروانی زیاترمان لێدەكەن، مووچەخۆران چاوەڕوانی ڕێككردنەوەی موچەكانیانن، هەق وایە لایەنە سیاسییەكان ئەم جەژنە بكەنە بۆنەیەك بۆ یەكتر قبووڵكردن و وەلانانی گرژیی و ناكۆكییەكان و بە گیانێكی نیشتیمانپەروەری، دوور لە چەقبەستوویی سیاسی و یەكتر تۆمەتباركردن، كار بۆ هێنانەدی یەكڕیزیی نیشتیمانی و ئاشتی و تەبایی بكەن، لە پێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتییان.
ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هاونیشتیمانییەكانمان لە كەركوك و خانەقین و ناوچەدابڕێندراوەكان دڵنیا دەكەینەوە كە سیاسەت و بەرنامەی یەكێتیی كاركردنە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕزگاركردنیان لەو دۆخە دژوارەی كە تێی كەوتوون، دووپاتی دەكەینەوە كە لە دوای جەژن ئەنجامی هەوڵ و هەنگاوەكانمان لەو پێناوەدا دەردەكەون. پەروەردگاری مەزن خاك و خەڵكی كوردستان لە هەموو نەهامەتی و كێشەیەك بە دوور بگرێت و مرۆڤایەتیش لە پەتای نەگریسی كۆرۆنا ڕزگار بكات، نوێژ و ڕۆژوو و نزای هەموو لایەك قبووڵ بێت و ڕۆژانی جەژن بە سەلامەتی و شادی و سەرفرازیی بەسەر ببەن. دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و هەر لە شادی و سەركەوتندابن.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە