کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میدیاکانی یەکێتی، ئێمەش لە دیموکراسی تێدەگەین

.

01:51 PM - 26/04/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



لە رۆژانی رابردوودا نووسینێكی بە ئینسافم بەرچاوكەوت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە باسی لە میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرد، بۆچی زۆر سەرۆكاریی نییە لەگەڵ كچانی بەناو مۆدێل و فاشیۆن و ...هتد؟
هەر لە ماوەكانی رابردوودا وەزارەتی رۆشنبیری چەند بەرنامەیەكی راگرت بە بیانووی كاریگەریی نەرێنی ئەم بەرنامانە لەسەر خێزانی كوردی بەتایبەتی و كۆمەڵگە بە گشتی.

لە هەردوو پرسەكەدا میدیای یەكێتی بە دوورە لەم شێوە بەرنامانە و بە لای پرسی لەم شێوەیەدا نەچووە و ناچێت، میدیای یەكێتی نە گرنگی بە كچانی مۆدێل دەدات و نە وەك كاڵایەك و بۆ زیاتركردنی بینەرانی ئەم كچە مۆدێلانە دێنێتە سەر شاشە و پرسیاری نامۆ بە كەلتووری كوردییان لێ دەكات، چونكە خەمی یەكێتی و میدیاكانی، شێواندنی شیرازەی خێزانی كورد نییە، بەڵكو خەمە گەورەكەی سەركردایەتیی یەكێتی و یەكێتی و میدیاكانی یەكێتی خەمە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی كوردە و ئێستا میدیای یەكێتی بە گرنگی نازانێت تەواوی فۆكسی لەسەر كچە مۆدێلێك و درامایەكی بیانی بێت.

ئەگەر بوونی بەرنامە گەلێكی نامۆ بە كۆمەڵگەی كوردی و هێنانی چەندان كچە مۆدێل بۆ سەر شاشە و پەخشكردنی فیلم و درامای بیانی هێما بێت بۆ دیموكراسی و لیبرالیزم، ئەوا ئێمە باش لە دیموكراسی تێدەگەین و هیچ هێزێكی سیاسی نییە لە باشووری كوردستان هێندەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قوربانیی دابێت لەپێناوی ئازادیی و دیموكراسی، دەتوانین بڵێین یەكێتی وەك چۆن لەلایەك دایكی دیموكراسییە لە باشووری كوردستان، بەوجۆرەش بەرهەمهێنەری میدیای دایكە و دەیتوانی پێش زۆرێك لە كەناڵەكانی دیكە ئەكتەرە بیانی و بەناو كچە مۆدێلەكان بێنێتە سەر شاشە و دراما بیانییەكان بخزێنێتە ناو چوارچێوەی خێزانی كوردییەوە و شیرازەی خێزانی كوردی بەرەو لایەكی دیكە بەرێت. میدیای یەكێتی نەك ئەوە ناكات، بەڵكو میدیای یەكێتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر تەواوی تاك و كۆمەڵگەی كوردیدا و بەدرێژایی مێژووی میدیای یەكێتی دوور بووە لە هەر بەرنامە و درامایەكی بیانی كە كاریگەریی نەرێنی هەبووبێت.

یەكێك لە تایبەتمەندیی و جوانییەكانی میدیای یەكێتی بە ئێستاشەوە ئەوەیە كە هەمیشە لە هەوڵی بەرگریی و پاراستنی جوانییەكانی كۆمەڵگەی كوردی و كەڵچەر و فەرهەنگی كوردیدایە، هەر تایبەت بەم بابەتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو، كاتێك میدیایەكی یەكێتی بڕیاریدا تەواوی دراما توركییەكان لەسەر شاشەكەی بووەستێنێت، دەوترا كە كۆمپانیا توركییەكان مافی پەخشیان لە كەناڵەكەی یەكێتی وەرگرتۆتەوە، بەڵام هەرزوو دەركەوت ئەوەی لەپشت وەستانی دراماكانەوە بووە، سیاسەتی میدیاكانی یەكێتی بووە وەك بەرپرس و خەمخۆری كۆمەڵگەی كوردی نەك وەرگرتنەوەی مافی پەخشكردنی ئەو درامایانە لە كەناڵێكی یەكێتی.

میدیاكانی یەكێتی یەكەم و دوایین میدیای كوردی دەبن كە تاكی كورد ئاراستە بكات بەرەو تێگەشتن لە چەمكەكانی دیموكراسی و ئازادیی نۆشین و پۆشین و یەكەم میدیای كوردیشە كە داكۆكیكارێكی تەواوەتی مافەكانی هاووڵاتیان و پاراستنی بەها مرۆییەکانی تاكی كوردە، بەڵام هەرگیز ئەم داكۆكیكردنە لە رێگەی دراما و گۆرانی و مۆدێلیست و چەندان پرسیاری نامۆوە ناكات تەنها بۆئەوەی بینەری خۆی پێ زیاد بكات.

ئەگەر درەنگیش بێت، دواجار بینەری هۆشیار و تێگەشتوو لەو واقیعە تێدەگات كە میدیای یەكێتی ئەو میدیا پرۆفیشناڵ و پڕ ئەتەكێتەیە كە بینەری كورد بە گێل و نەزان نازانێت و لە رێگەی بەرنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەیەوە بەها بۆ تەواوی تاكی كورد و بینەری كورد دەگێڕێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە