کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك مام جەلال شانازیی بە كوردستانیبوونی خۆیەوە دەکرد، داكۆكیشی لە گەل و خاكی عیراق دەكرد

.

01:27 PM - 07/04/2021

 بارزان شێخ عوسمان رۆژی شەشی ئاپریل/ نیسانی ساڵی 2005

نەك هەر بۆ گەلی كوردستان و عیراقی نوێی دوای حوكمی كیمیایی و ئەنفالی بەدناو و گۆڕە بەكۆمەڵەكان، بەڵكو بۆ تەواوی گەلانی ناوچەكە و جیهانیش خاڵی وەرچەرخان بوو، كە بۆ یەكەمینجار لە مێژووی كۆن و نوێی عیراق و ناوچەكەشدا، كەسایەتییەكی سیاسیی دیموكراتخواز و پێشكەوتنخوازی قاڵبووی خەبات، لە هەڵبژاردنێكی ئازادانەدا، نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق، بە سەرۆك كۆماری خۆیانی هەڵبژێرن، ئەویش رابەر و سیاسەتمەدار مام جەلال سكرتێری گشتیی ی.ن.ك بوو. هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال لەو روانگەیەوە بوو كە بەڕێزیان قاڵبوویەكی بەئەزموونی خەباتی دیموكراسی و پێشكەوتنخوازی عیراق و كوردستان بوو، شارەزایەكی تەواوی كێشە سیاسی، ئابووری، ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكانی عیراق بوو، پەیوەندییەكی دێرین و قووڵی هەبوو لەگەڵ هەموو پێكهاتە و سەركردە رووناكبیری و سیاسییەكان و ناوەندە جیاجیاكانی رۆژنامەوانی، ئەدەبی، كەلتوری و ئایینییەكانیش، بۆیە هەموو عیراقییەكان لەسەری كۆك بوون. هەرچەندە وەك بەڕێزیان هەمیشە دووپاتیكردۆتەوە كە رێگەی بنیاتنانەوەی عیراقی نوێی دوای دەیان ساڵی ناهاوسەنگی و دیكتاتۆری و تاكڕەویی؛ گوڵڕێژ نەكراوە، بەڵام بە دەستبەكاربوونی سەرۆك تاڵەبانی، پێگەی عیراق لە ئاستی ناوچەكە و جیهانیش بەهێز بوو، جۆرە ئۆقرەییەكی سیاسی باڵادەست بوو، ئابووریی وڵات بەرەو بوژانەوە هەنگاوی نا، عیراق لەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە رزگاری بوو كە بەهۆی سیاسەتە ملهوڕییەكانی رابردووەوە تێیكەوتبوو، ئیتر دەرگای جیهان بە روویدا كرایەوە، چونكە بەپێی ئاشنایی و پەیوەندییە دێرین و قوڵەكەی سەران و ناوەندە سیاسی و رووناكبیری و بڕیاربەدەستەكانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهان لەگەڵ سەرۆك مام جەلال-دا، دڵنیابوون لەوەی جارێكی تر عیراق نابێتە هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە و جیهان. بەڕاستی هەرواش بوو، هەردوو خولی سەرۆكایەتیی فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی، سەرباری پیلانی تیرۆریستان و نەیارانی دیموكراسی، عیراق هەنگاوی باشی نا بۆ پێشەوە، بەتایبەتی لە رێگرتنی جەنگی ناوخۆیی مەزهەبی، ئایینی و نەتەوەیی، هەمیشە لەكاتی ترۆپكی ململانێ و توندوتیژییەكاندا، كۆشكی سەلام و ماڵەكەی سەرۆك مام جەلال، جمەی دەهات و كۆبوونەوەی دەیان سەعاتیی دووقۆڵی و سێقۆڵی و فراوانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی تیادا بەڕێوەدەچوو، ئەوە سەرباری هاتنی وەفدی تایبەتی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازیی و ئەمنی و نوێنەر و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و وڵاتانی دەستڕۆیشتوو، كە چاوەڕێ بوون بزانن رێگەچارەكانی سەرۆك مام جەلال گەیشتوونەتە كوێ و مژدەی چارەسەر لە زاری خۆیەوە ببیستن، بە راشكاوی عەرزیان دەكرد «كە كلیلی چارەسەر بۆ پاراستنی یەكێتیی خاك و گەلی عیراق و ئاسایشەكەی و ئۆقرەییە سیاسییەكەی، تەنها لای فەخامەتتانە». سەرەنجام ئەو شەونخوونی و ماندوبوونە بە كۆتایی كێشەكان و رێكەوتنی لایەنەكان و كۆكردنەوەیان لەسەر مێزێكی هاوبەشی گفتوگۆ تاجی لەسەر دەنا، خوانێكی گەورەی ئێوارەش لە كۆشكی سەلام رێكدەخرا، كە نوێنەرانی وڵاتانیش بانگهێشت دەكران تا ببینن چۆن نەیار و ناكۆكەكانی دوێنێ، ئەمڕۆ بە خۆشی و تەبایی و بە پێكەنین لەگەڵ یەكتر لەسەر مێزی سەرۆك مام جەلال بەوپەڕی دڵنیاییەوە كۆبوونەتەوە و كەوچك دەكەن بە قاپێكی هاوبەشدا. هەربۆیە ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی سیستانی، ناهەقی نەبوو نازناوی (سەمامی ئەمان) بەخشی بە سەرۆك مام جەلال؛ هەم لەپای رێگرتن لە هەڵدێریی، هەم بۆ پاراستنی یەكێتیی خاكی وڵات. سەرۆك مام جەلال، كوردستانیبوونەكەی؛ خەمێكی تری بوو، هەربۆیە بێ هات‌وهاوار و سەرقاڵكردنی ناوەندە بڕیاردەرەكان و هاركردنی دەرودراوسێ، ئاشتییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ئابوورییەكی بەهێز، بزووتنەوەیەكی ئاوەدانی، رووناكبیریی، كەلتوریی بۆ هەرێمی كوردستانی عیراق زامنكرد، پێگەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ كوردستان دەستەبەركرد، بەجۆرێك لەگەڵ كردنەوەی هەر باڵیۆزخانەیەكدا، كونسوڵخانەیەك لە هەولێریش دەكرایەوە، وەفدی وڵاتان، كە دەهاتن بۆ عیراق، بە هاندانی سەرۆك مام جەلال سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و لێپرسراوانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیشیان دەكرد، هاتنی نوێنەرایەتیی كۆمپانیا بیانییەكانیش لەولاوە بوەستێت، ئەمەش پێگەیەكی بەهێزی بەخشی بە هەرێم، كە هاوشێوەی وڵاتێكی سەربەخۆی رانەگەیەنراو بوو. سەرۆك مام جەلال؛ كەركوك و كەركوكییەكان، ناوچە كێشەلەسەرەكانی تریشی هەر لەبیر بوو، گرفت و چارەنووسی ئەوان و شار و شارۆچكەكانیشی بە حەكیمانە و بێ گێچەڵ پێكردن بەم ‌و بەو و توڕەكردنی هیچ پێكهاتەیەكی تر، چارەسەر دەكرد، ئەو پرۆسەیەشی ناونابوو «نەشتەرگەریی مێشك» بە جۆرێك هەموو جومگە گرنگ و ستراتیژییەكان، بەدەست خاوەنی رەسەنی ناوچەكانەوە بوو، بێ ئەوەی هیچ كام لە پێكهاتەكانی تر بەشخوراو بن، هەمووی قۆرخ نەكرابوون بۆ پێكهاتەیەك. بەردەوامیش دەیوت: «دەبێت دەستوور چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلابكاتەوە، نەك گێچەڵپێكردن و خۆسەپاندنی بێمانا، كە زیان لە ئایندەی ناوچەكان و خەڵكەكەشی دەدات». بۆیە بە بڕوای نووسەری ئەم وتارە، هەڵكردنی ئاڵاكەی سەر پارێزگای كەركوك و ریفراندۆم لەو ناوچانە، زیانی گەورە بوو و پێكهاتەكان بە مەترسییان زانی لەسەر خۆیان. دەربارەی بەشەكانی تری كوردستانیش، سەرۆك مام جەلال، پەیوەندییە توندوتۆڵ و دێرین و نوێیەكانی خۆی لەگەڵ سەرۆك و ناوەندەكانی تری وڵاتانی دراوسێ و ناوەندە ئەوروپی و ئەمریكییەكان خستبووەكار بۆ هاریكارییكردنی ئەو وڵاتانە و هێزە كوردستانییەكان، تا رێكبكەون، شەڕنەكەن، كۆتایی بێت بە وەرزی گرژیی و گرتن و راونانی كورد و پێكەوە بە هێمنی لە دەوری مێزی دانوستان كۆببنەوە. لە رێگەی ئەو دەقە دەستوورییەی عیراقیش، كە نابێت خاكی عیراق بكرێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكان، هێزە كوردستانییەكانی؛ قایلكرد لە سنووری عیراقەوە هێرش نەكەن، دراوسێكانیشی دڵنیاكردبووەوە، بەمەش نزیكبوونەوە هاتبووە ئاراوە بەتایبەتی لە قۆڵی توركیاوە بەرەوپێشچوونی باش بەدیهات. لەوەش زیاتر چەندینجار بە داوا و تەكلیفی سەرۆك مام جەلال، حوكمی ئیعدام لەسەر دەیان كوردی كوردستانی ئێران لابرا، كە هەندێكیان لە میدیاكان باس دەكران، زۆربەشیان باس نەدەكران. زۆر خاڵ و وێستگەی گرنگی تر هەن، كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال، بخرێتەڕوو، بەڵام بۆ ئەم بیرەوەرییە، جارێ ئەم تنۆكەی ناو دەریای هەڵوێست و كارەكانی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا دەخەینەڕوو. رۆژگار دەرفەت بدات، لە كتێبـی بیرەوەرییەكانی پێنج ساڵەكەم لەگەڵ سەرۆك مام جەلال، هەموو هەڵوێست و ساتە گەشەكان بە دیدارتان شاددەكەم، كە سەرۆك مام جەلال هەموو ژیانی خۆی بە گەلەكەی بەخشی تا بە ئازادی و سەربەخۆیی شادبێت، 10 ساڵەكەی بەغداشی هەر لەو پێناوەدا بوو. بۆیە كاك نەوشیروان لە سەردانەكەی رۆژی 3/5/2016یدا بۆ لای سەرۆك مام جەلال، وتی: «مام جەلال، وجودتان لە بەغدا، زۆر پێویست بوو بۆ ئێمە». *لێپرسراوی پێشووی رۆژنامەوانیی سەرۆك مام جەلال

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە