کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ریاڵ مەدرید و مانچستەرسیتی لە ئەتڵانتا و مونشنگلادباخیان بردەوە

.

04:15 PM - 25/02/2021

لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و لەمیانی یاریەكانی چونی قۆناغی 16 یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دور لەیاریگای خۆی سەركەوتنێكی زەحمەتی لەبەرامبەر ئەتڵانتای ئیتاڵی تۆمار كرد.
یاریەكە لەیاریگای جیۆیس لەبێرگامۆ بەرێوە چوو و لەدوای تەنها 17 دەقیقە یاریكردن ناوبژیوان بەكارتی سور  ریمۆ فریلێری یاریزانی ئەتڵانتای كردە دەرەوە و یانە ئیتاڵیەكە بە10 یاریزانەوە مایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یانەی میوان لەگێمی یەكەمدا سودیان لەكەمی ژمارەی یاریزانانی خاوەن یاریگا وەرنەگرت و ئەو گێمە بەیەكسان بوونی سپی كۆتایی هات.
لەسەرەتای گێمی دووەم لۆكا مۆدریچ هەلێكی بۆ رەخسا، بەڵام شوتەكەی بەلای راستی ستونی گۆڵەكە چووە دەرەوە، دوای ئەوە یاریزانانی یانەی شاهانە بەردەوام بوون لە لەدەستدانی هەلی گۆڵكردن  و ڤینیسیۆس جۆنیۆرلەدەقیقەی 53   لەناو ناوچەی سزا هەلێكی بۆ رەخسا و شوتەكەی سەر ستونی گۆڵی گرت و لێدانە راستەوخۆكەی ماركۆ ئەسینسیۆش لەلایەن گۆڵچی یەوە بەئاسانی وەرگیرا، بەڵام پێش كۆتایی هاتنی یاریەكە بە4 دەقیقە فیرلاند میندی ئەستێرەی فەرەنسی بەشوتێك لەدەرەوەی ناوچەی سزا تۆڕی گۆڵی یانە ئیتاڵیەكەی هەژاند و ریاڵ مەدریدی كردە خاوەن گۆڵی پێشكەوتن و دڵی یاریزانانی هاورێی و زێدانی راهێنەری خۆش كرد، ئەو گۆڵە بووە ناونیشانی كۆتایی یاریەكە و ریاڵ مەدرید نیوەی رێگای گەیشتنی بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی بەبردنەوەیەكی زەحمەت و بەگۆڵێك كۆتایی پێ هێنا پێش ئەوەی رۆژی 16ی مانگی داهاتوو لەیاری گەرانەوە و لەیاریگای ئەلفریدۆ دی ستیڤانۆ روبەروی یەك ببنەوە.
 لە یاریەكی تری چوونی قۆناغی 16ی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا هەردوو یانەی مانچستەرسیتی ئینگلیزی و بوروسیا مونشنگلادباخی ئەڵمانی لەیاریگای بۆشكاش ئەرینا  لە بۆدابێستی پایتەختی هەنگاریا روبەروی یەك بوونەوە، تیپەكەی پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی كە لە18 یاری رابردویاندا 18 سەركەوتنی یەك لەدوای یەكیان تۆمار كردبوو لەم یاریەشدا بەهێرشكردن دەستیان بەیاری كرد و لەدەقیقەی29 برناردۆ سیلڤای پورتوگالی بەسود وەرگرتن لەئەسیستێكی كانسیلۆی هاونیشتمانی بەربەستی یەكسان بوونی شكاند و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی تۆماركرد  و گێمی یەكەمیش هەر بەو تاكە گۆڵە تەواو بوو، لەگێمی دووەمدا و لەدەقیقەی 63 گلادباخ یەكەم مەترسی لەسەر گۆڵی ستیزنس دروستكرد و بیلیا نزیك بوو  گۆڵێكی جوان تۆمار بكات، بەڵام تۆپەكە بەلای ستونی گۆڵەكە چووە دەرەوە،  لەبەرامبەردا و لەدەقیقەی 65 بیرناردۆ سیلڤا ئەمجارە رۆڵی دروستكەری گۆڵی گێڕا و بەلێدانی سەر تۆپێكی  پێشكەش بەگابرییل خیسۆس كرد و ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە گۆڵی دووەمی یانەكەی پێ تۆمار كرد و خۆشیەكانی گواردیۆلای راهێنەری كردە دو هێندە.
ئەو ئەنجامە تافیكەی كۆتایی ناوبژیوان بەردەوام بوو و مانچستەرسیتی یاریەكەی بە2 گۆڵی بێ بەرامبەر بەسودی خۆی یەكلاییكردەوە و هەنگاوێكی گرنگی نا بۆ گەیشتنە قۆناغی چارەكی كۆتایی پێش ئەوەی 16ی مانگی داهاتوو یاری گەرانەوە ئەنجام بدەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە