کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت هەلێكی نوێ‌ بە عیراق دەدرێت

.

07:56 PM - 25/09/2020

 ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ ئاشكرای دەكات: كە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پابەندبوون بە بڕو رێژەی دیاریكراوەوە، رێكخراوی ئۆپیك هەلێكی نوێی بە عیراق بەخشیووە.
لەوبارەشەوە ئاژانسەكە ئەوەی خستۆتەروو: كە بەرێككەوتن، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك رەزامەندیان پیشانداوە ماوەیەكی زیاتر ببەخشنە عیراق و ئەو وڵاتە ئەندامانەی تر، كە تائێستا نەیانتوانیوە وەك پێویست پابەندی تەواوەتی رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بن.
بەپێی زانیاریەكانیش ئۆپیك رێگەی بە عیراق داوە بۆ مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی لەسنورێكی دیاریكراودا زیاد بكاتەوە و بەو پێیەش رەنگە لەمانگی ئۆكتۆبەردا عیراق بڕی 5 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر بفرۆشێت بەشێوەیەك، ئاستی رۆژانەی لە فرۆشتنی نەوت 160 هەزار بۆ 320 هەزار بەرمیل زیادبكات.
ئەوەشخراوەتەروو: كە لەو هەلەدا كە بەعیراق دراوە رەچاوی ئەو زیانە زۆرانە كراوە،كەبەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لەماوەی ئەمساڵدا بەر عیراق كەوتوون،لەگەڵ ئەو كورتهێنانە گەورەیەی لە بودجەدا رووبەروی بۆتەوە، كە بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریكا بە گەورەترین كورتهێنان دادەنرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە