کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

رادەستكردنی چەواشەكەر، رادەستكردنی راستەقینە

.

11:50 AM - 20/07/2020

رادەستكردنی چەواشەكەر، رادەستكردنی راستەقینە
هێڤیدار رێكانی


دۆخی هەرێمی كوردستان ئێستا زیاد لە هەر كاتێكی تر بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەجۆرێك لەپاڵ ئەو قەیرانە سیاسیی و ئابووریەی لە ئارادایە، هاتنەناوەوەی سوپای توركیا لە دەروازە فەرمییەكانی هەرێم و هێرش و داگیركارییەكانیان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان هێندەی دیكە دۆخەكەی هەستیار كردووە و باری دەروونی كۆمەڵانی خەڵكی ناجێگیر كردووە. بەتایبەت هاوكارییكردنی هێزەكانی سوپای توركیا لەلایەن هێزێكی سیاسیی لە هەرێم زیاتر نیگەرانییەكانی قووڵتركردۆتەوە.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان، هێز هەیە نان و پیاز بە كوردایەتییەوە دەخوات، بەڵام هەر خۆی سنووری ئەم كوردایەتیەیان، سنووردارە بەشتی زۆر لاوەكییەوە، بەجۆرێك لە یەككاتدا كوردستانین و ژانی عیراقییەتیش دەیانگرێت. نەك هەر ئەوە هەندێك جار  وەك چاو ساغ كار بۆ هێزی دەرە عیراقیش لەوانە توركیا دەكەن.
هەر لەسەر ئەو مۆدێلە لە كوردایەتییە، لە دوو رۆژی رابردوودا هەواڵی دیارنەمانی "دالیا مەحمود"برازای ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە بڵاوكرایەوە، لە سەرەتادا وا بڵاویانكردەوە گوایە خۆی رادەستكردووە!! بەڵام رۆژی یەكشەممە بنەماڵەی موسلیم رایانگەیاند كچەكەیان كە بۆ چارەسەری نەخۆشی لە چەند مانگی رابردوو هاتۆتە هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزێكی سیاسییەوە رادەستی توركیا كراوە.بنەماڵەی دالیا دەڵێن:" "لەبەر چەند هۆكارێكی تەندروستی پێش (6) شەش مانگ (دالیا) دەستبەرداری هەڤاڵان و ئەركەكانی بۆ بەمەبەستی چارەسەركردن روویكردە هەرێمی باشووری كوردستان، وە هەردەم لە پەیوەندیدابوو لەگەڵا خانەوادەكەی تا ماوەیەكی كەم بەر لە ئێستا پەیوندیكرد بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو خانەوادەكەی لە رۆژئاڤا، بەڵام سەرسامبووین بە رادەستكردنی بە دەسەڵاتدارانی توركیا و دەزگای مخابراتی" هاوكات سالح موسلیم بە ئاریان تیڤی راگەیاندوە،"برازاكەم بۆ نەخۆشی چووەتە باشووری كوردستان لەوێوە رادەستی توركیا كراوە" هەروەك لە وێنەكانیش دەردەكەوێت كە دالیا هێندەی لە دەستگیركراوێك دەچێت هێندە لە كەسێك ناچێت كە خۆی رادەستكردبێت.
رادەستكردنی دالیا بە میتی توركیا لە باشوری كوردستان، ئەو هەراو ئاڵۆزییە میدیایی و سۆشیال میدیاییە دێنێتەوە بیر كە لە بارەی مستەفا سەلیمی كرایە سەر یەكێتی و دواتریش دەركەوت كە ئەم پرسە هیچ شایەت و بەڵگەیەكی پشتڕاستكراوی لە پشت نییە. بەڵام ئەوەی لەو پرسەدا زۆر جێگەی نیگەرانیی بوو بەشێك لە نووسەر و روناكبیرانی كوردیش كەوتنە ناو هەمان هەڵای میدیا و پەیجە فەیكەكانی پارتی و لایڤەكانی عەلی جوانمەردییەوە. رۆشنبیرانی كورد زۆرێكیان لەم پرسە تێكەوتن، بەڵام لە دوو رۆژی رابردووەوە قسەیەكیان لەسەر رادەستكردنی دالیای برازای ساڵح موسلیم نەكردووە كە خۆیان و بەڕاشكاوی دەڵێن كچەكەمان رفێندراوە و وێنەكانیش خۆیان لەم رووەوە دەدوێن.
شتێك هەیە دەبێت دیسان بیڵێینەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئەساسی شتی سەیر لە هەرێم زوو دەردەكەوێت، لێرە پەتی درۆ زۆر كورتە، ئەگەر بیرمان بێت لە دۆسێی مستەفا سەلیمی هیچ هێزێكی رۆژهەڵاتی كوردستان یەكێتیان تۆمەتبار نەكرد، بەڵام لە رۆژئاڤای كوردستان بە ئاشكرا لایەنێكی كوردی لە سەر رادەستكردنی برازاكەی ساڵح موسلیم تۆمەتبار دەكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە