کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بندیوار و دوو مووچەیی مانگانە 2 ملیار دۆلاری عیراق بەهەدەر دەدەن

.

05:58 PM - 07/07/2020

(جەمال كۆچەر) ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كابینەكەی مستەفا كازمی لەبەردەم ژمارەیەك ئاستەنگی گەورەدایە كە ئەوانیش بریتین لە كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان‌و هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، هەروەها چارەسەركردنی پارەی بەهەدەردراو لە مووچەخۆری بندیوار و دوو مووچەیی كە لە مانگێكدا دەگاتە 2 ملیار دۆلار.
ئەو پەرلەمانتارە بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستی بۆ پرسی مووچەی بندیوار‌و دوو مووچەیی بردوە، چونكە بارگرانییەكی زۆری لەسەر بودجەی دەوڵەت دروستكردوە، لەبەرئەوەی مانگانە 5 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار تەنها بۆ مووچە خەرج دەكرێت، دوای وردبینی‌و بڕینی مووچەی بندیوار‌و رێكخستنەوەی مووچەی ئەو كەسانەی دوو مووچە وەردەگرن‌و كەمكردنەوەی بۆ یەك مووچە، خەرجییەكانی مووچە مانگانە بەبڕی 2 ملیار دۆلار كەمدەبێتەوە‌و دەبێتە 3 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار، بۆیە پێویستە لەپاڵ ئەمەشدا دەست بەچاكسازی بكرێت لە خاڵە سنورییەكاندا.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پەرلەمانی عێراق ماوەی 60 رۆژی دیاریكردوە بۆ ئەوەی حكومەت پڕۆژەیاسای چاكسازی پێشكەشی پەرلەمان بكات، لەگەڵ ئەوەشدا كە رەنگە هەندێ كەس‌و لایەن نەیانەوێت چاكسازی بكرێت، بەڵام ناردنی پڕۆژەكە‌و پەسەندكردنی دەبێتە پشتیوانێكی یاسایی بەهێز بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە