کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە غیابی مام - دا هیوایەك بە هاوسەرۆكانی یەكێتی

.

03:29 PM - 06/07/2020

لەغیابی مام - دا هیوایەك بە هاوسەرۆكانی یەكێتی

رێبوار ستار

مێژووی كورد بە زۆر هەوراز و نشێو و سەختیدا تێپەڕ بووە، هەر جارە و بەجۆرێك شۆڕشەكانی كورد‌ لەبار براوە و نەگەیشتۆتە مەنزڵ، بەڵام لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول كە بەماوەیەكی كەم خەبات دەستیپێكردەوە و شۆڕشی نوێ چەخماخەی لێدا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  بە رابەرایەتیی هەڤاڵ مام جەلال  دامەزرا، تاكە شۆڕشی كوردە كە گەیشتۆتە ئامانج و بگرە دەرئەنجامی ئەم شۆڕشە و سەركێشییەكانی رژێمی بەعسیش وایكرد كە راپەڕین رووبدات لە كوردستان، ئەویش هەر بەڕابەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە كورد بۆ یەكەمینجار بووە خاوەنی قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆی خۆی كە لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە و دەریایەك خوێنی بەخشیووە.
دواتر ساڵی 2003 بەهۆی سەركێشییەكانی رژێمی بەعسەوە، هێزە كوردستانی و عیراقییەكان كە رۆڵی گەورەیان هەبوو بە هاوكاریی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانرا دڕەندەترین رژێم لەناو ببرێت، وەرچەرخانێكی گەورە رووی لە عێراق كرد و كارگەریی ئەرێنیشی هەبوو بۆ هەرێمی كوردستان.
پاشان توانرا حكومەتی نوێی عیراق دابمەزرێتەوە.
ئیدی هێدی هێدی عیراق بەرەو جارێكیتر ئاوەدانی و دیمكراسی بڕوات كە بۆ یەكەمین جار بووە وڵاتێكی خاوەن دەستوورێكی دیموكراسی، كە لەمەشدا دیارە سەرۆك مام جەلال رۆڵی گەورە و كاریگەری تیدابینی و بگرە پشكی شێری لەو وەرچەرخانە بەردەكەوێت و وڵاتە زلهێزەكانی جیهانیش ئەوەیان باش دەزانی كە رۆڵ و پێگەی مام چەندە گرنگە بۆ هەستانەوەی عیراقی نوێ، بۆیە هەموو پشتیوانییان لە عیراقی نوێ دەكرد، ئەگەرچی ئەركەكان قورس و سەخت بوون هەم لە عیراق و هەم لە هەرێمیش، بەڵام لە بەر ئەوەی سەرۆك مام جەلال نەك هەر لەناو كایەكاندا بوو، بگرە كارەكتەری سەرەكیی وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕ و بنیاتنانەوەكەش بوو، دەیتوانی كێشە سەخت و ئاڵۆزەكان لەماڵ و بارەگای خۆی چارەسەربكات و رێگەچارەی گونجاوی بۆ هەموو ئاڵۆزییەكان  پێ بوو، چونكە ئەو كات لە عیراق چەندین قەیران هەبوون هەر لە كێشەی سوننە و شیعەوە تا دەگات بە كێشەی تایفی و كێشەی عەشایرەكان، كێشەی هەرێم و بەغدا، كێشەی وڵاتانی دراوسێ و لە هەمووشی سەختر كێشەی بوونی تیرۆر و تیرۆرستان بوو كە بەرۆكی عیراقی بە رووبەرێكی گەورە گرتبوو، بەڵام هەموو ئەو برینانە بەهۆی بوونی مام جەلالەوە ساڕێژ دەبوو و هەموو ئەو قەیرانانە لەو كاتەنەدا كە ئەو لە كایەكەدا رۆڵی هەبوو، ئاوەدانی باڵی بەسەر هەرێم و عیراقدا كێشابوو.
هەموو كۆمپانیا گەورەكانی جیهان كێشمەكێشیان بوو تا بەشداریی لە بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی عیراق و كوردستاندا بكەن و رۆژ لەدوای رۆژ عیراق و كوردستان بەرەو ئاوەدانی و ئازادیی زیاتر دوڕۆیشت.
 مام جەلال لە دوو خولی سەرۆك كۆماری و ئەنجومەنی حوكمدا دەریخست كە ئەو خەمخۆر و دڵسۆزی كۆمەڵانی خەڵكی عیراق و كوردستانە، ئەگەرچی ئەو لە بەغدا بوو، بەڵام هەمیشە دڵیشی لای هەرێم بوو و درێغی لە ناساندنی هەرێم بە دنیا و پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتان و هەرێم و بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێم نەدەكرد، سەرباری ئەو ئەركە قورسەی لەسەری بوو لە عیراقدا.
 بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتن و دوا ماڵئاوایی مام، ئیدی رۆژ لەدوای رۆژ نەهامەتی و قەیران لەدوای قەیران و كێشە لەدوای كێشە رووی كردە هەرێم و عیراق  و وای لێهاتووە كە خەڵكانێكی زۆر تووشی نەداریی و بێ مووچەیی و سەختیی ژیان بوونەتەوە.
   هەرێم و بەغداش لەڕووی ئاوەدانی و دامەزاوەییەوە تاڕادەیەك لەشوێنی خۆیدا بووەستێت و راستترە بڵێم لەدوای ماڵئاوایی مام، بە جۆرێك لە جۆرەكان هەموو شتەكان وەستاون، ناتەبایی لایەنەكان رێكنەكەوتن و لێك تێنەگەیشتنی لایەنەكانی كوردستان و عیراق و بەدەنگەوە نەهاتنی وڵاتانی جیهان و ئیقلیمی، دروستبوونی كێشەی گەورە لەنێوان هەولێر و بەغدا كە ئەمە كاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێم دروستكردووە و گەیشتۆتە ئاستێك كە ئێستا بێ مووچەیی بەسەر هەموو هەرێمدا و ناپارسەنگیی هێز لە هەرێم و ناعەدالەتی لە هەرێم باڵی  بەسەر كۆی كێشەكاندا كێشاوە، قەیرانەكان تادێن زیاتردەبن.
بۆیە دەڵێم بێ مامی-یە هەتا ئێستاش هیچ سەركردەیەكی نە عیراقی نە كوردستانیش نەیانتوانیووە هیچ نەبێ نیوەی ئەوەی مام كردوێتی، ئەو بیكات و ناشبێت، بۆیە هەموومان ئێستا بێ مامی-مان پێوەدیارە، بەڵام ئێستا هیوادارم و ئومێدیشم زۆرە كە هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشوێن هەنگاوەكانی مامدا بڕۆن و درێژەش بە كاروانەكەی مام بدەن، چونكە ئێستا كۆمەڵانی خەڵك بەوپەڕی هیوا و ئومێدەوە چاوەڕوانی هەنگاوەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتین تا درێژە بە رێبازی مام بدەن و ئەو رۆڵە ببینن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە