وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتەكان: میلاكی فەرمانبەرانمان بە زمانی عەرەبی بۆ بنێرن

کوردستان 10:00 AM - 2026/09/14

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای داواكارییەكی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ، مۆڵەتی 15 رۆژ دەداتە سەرجەم وەزارەتەكان، تا داتای میلاكی فەرمانبەرانیان بە زمانی عەرەبی بۆ بنێرن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە رۆژی 13ی ئەیلوولی 2026، بە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەرچووە، داوا لە گشت وەزارەت و دامەزراوەكان كراوە سیستەمی میلاكی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2026 ئامادە بكەن. بڕیارەكە لەسەر بنەمای داواكارییەكی  وەزارەتی دارایی عیراق و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی سی دییەكی  ئاراستەی وەزارەتەكان كردووە كە لە سێ خشتە پێكدێت بۆ تۆماركردنی میلاكی هەمیشەیی، گرێبەستەكان و كرێی رۆژانە.
لە مەرجەكاندا هاتووە كە دەبێت تەواوی زانیاری و ناونیشانە وەزیفییەكان بە زمانی عەرەبی پڕ بكرێنەوە و داتای هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان لە ناو یەك سیدیدا كۆبكرێنەوە.
لە نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، كە پێویستە زانیارییەكان لەسەر بنەمای میلاكی مانگی شەشی ساڵی 2026 ئامادە بكرێن و لە ماوەی 15 رۆژدا رەوانەی دارایی بكرێن. هۆشداریش دراوە كە هەر لایەنێك دوا بكەوێت بەرپرسیار دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو