هاتووچۆی هەولێر: جام رەشكردن تا رێژەی 30% ئاساییە

کوردستان 08:22 PM - 2026/08/09

عەمید هێمن محەمەد ئەمین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر مەرج و رێنماییە نوێكانی ( تاریككردن) رەشكردنی جامی ئۆتۆمبێلی راگەیاند، بەپێی مەرجەكان، ئەو كەسانەی دەیانەوێت جامی ئۆتۆمبێلەكانیان تاریك بكەن، دەبێت ئۆتۆمبێلەكە بە ناوی ئەو كەسەوە بێت كە داواكارییەكەی پێشكەش دەكات، واتە (ساڵانە یان سەنەوی) ئۆتۆمبێل بە ناوی خۆیەوە بێت.

راشیگەیاند، مۆڵەتی جام رەشكردن ئارەزوومەندانەیە و خاوەنی ئۆتۆمبێل دەتوانێت بۆ یەك ساڵ جامی ئۆتۆمبێلەكەی تاریك بكات یان دوو ساڵ و سێ ساڵ. وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر تەئكیدی لەوەكردەوە، تاریكی جامی ئۆتۆمبێل لە رێژەی سەدا سفر تاوەكو 30٪ هیچ رسووماتێك نایگرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئۆتۆمبێلەكە لە كۆمپانیای دروستكردنییەوە جامەكەی تاریك كرابێت و لەزگە نەبێت. 

روونیشكردەوە، هەر ئۆتۆمبێلێك دەتوانێت بەپێی رێنماییەكە دوو جام یان چوار جام تاریك بكات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نابێت جامی پێشەوە تاریك بكرێت، بەڵكو پێویستە رووناكییەكەی 100٪ بێت. لەبارەی باج و تێچووی مامەڵەكەوە ئاماژەی بەوەكرد، باجی تاریك كردنی جامەكان بە پێی ژمارەی جامەكان و پلەی تاریكییەكەیان دەگۆڕێت.
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دایە ئەو شوێنانەی جوانكاریی ئۆتۆمبێل دەكەن، نابێت بە بێ رەزامەندیی رەسمی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ جامی ئۆتۆمبێلەكان رەش بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو