کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حوكمرانی لە سەردەمی كۆرۆنادا

.

06:57 PM - 05/04/2020

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

مەترسییەكانی نەخۆشی كۆرۆنا، ئەزموونی حوكمرانی كوردی لە باشوور خستەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی تری سەختەوە، كە لەهەر گۆشەیەكەوە سەیری بكەی تەنها ئەو راستیەی تیادا دەبینی، كە لەم وڵاتەی ئێمەدا لە ئاستی بەرپرسیارێتی لۆكاڵیدا، هێزی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و بەڵاو گرفتی گەورە گەورە هەیە، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا ئامادەیی نییە تەنها ستراتیژ و پلانی درێژخایەنی حكومەتە. بە مانایەكی تر ئەگەر ئەم هێزی كار و توانا مرۆییەی لەناو هەرێمی كوردستاندا هەیە پشت ئەستوور بوایە بە پلان و بەرنامەی جێگر و دوورمەودا ئەوا بێشك هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر گرنگ و گەورەی دەنا، لە راستیدا نەبوونی ئەم ستراتیژە بەدرێژایی ئەزموونی حوكمرانی كورد لە باشوور لەگەڵ تەمەنی كابینەكاندا لە هەڵكشاندا بووە و ئێستاش لەهەركات زیاتر گیرۆدەی بێ پلانین. هێزی رووبەڕووبونەوەی قەیران بەشێكی گرنگی هەموو سیستەمێكی حوكمرانی سەركەوتووە لەهەر وڵاتێكدا، كۆرۆنا ئێمەی بەتەواوی خستەبەردەم ئەم تاقیكردنەوەیە، كە لە لووتكە و هەرەمی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە پلانی پێشوەختە نییە و ئەوەی توانیویەتی گوڕوتینیش بە بەردەوامی هەنگاوەكانی حكومەت ببەخشێت، تەنها ئەو لەشكرەیە لە كەسانی تری ناو حكومەت كە لە بەرپرسیارێتی خوار هەرەمی دەسەڵاتی هەرێمدان. ئاخر حكومەتی هەرێم لەو كاتەی كە هیچ گرفێك لەبەردەرگای نییە، بیر لە دانانی ستراتیژی دوورمەودا ناكاتەوە بۆ ئەگەری قەیران و دۆخی نەخوازراو، ناكرێ لە هەموو قەیرانێكدا مووچە و قووتی خەڵك تەنها رێگای رزگاری و باشترین بژاردەی حكومەت بێت، بۆ دەبێت حكومەتی هەرێم بەرگەی چەند مانگی قەیران نەگرێت و هەر لە دەسپێكی هەموو دۆخێكی نەخوازراودا پرسی كەمكردنەوەی مووچە و خاڵی كردنەوەی گیرفانی هاووڵاتیان ئەولەویەت بێت. ئەمە لە كاتێكدا لە هەموو قەیرانێكدا ئەركی گرنگی حكومەتی تەندروست ئەوەیە دڵنیایی بە هاووڵاتیەكانی ببەخشێت، كاری هەرە لەپێشی حكومەتی سەركەوتوو ئەوەیە پەیام بە دانیشتوانی وڵاتەكەی بدات كە پارێزراون، حكومەت لە سەرەتای هەموو قەیرانێكدا ئەو دڵناییە بە هاووڵاتیەكانی دەدات كە دۆخەكە سەختە. ئەو شێوازە لەبیركردنەوە لای بریار بەدەستانی یەكەمی ئەم وڵاتە، هەرخۆی لە بنەڕەتەوە جۆرێك لە بێمتمانەیی خوڵقاندووە بووەتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێم. لەم قۆناغەدت كە هێشتا روون نییە پەتای كورۆنا كەی رێگە دەدات هەموان بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان، ئەركی گرنگی حكومەت ئەوەیە، كۆرۆنا بكاتە سەرەتاو دەسپێكی بەخۆداچوونەوە و تێپەڕاندنی ئەم بێمتمانەییە، بیناكردنەوەی متمانە لە نێوان حكومەت و هاووڵاتی كارێكی ئێجگار گرنگە، بەپێچەوانەوە تاوەكو ئەو كاتەی ئەم بێمتمانەییە كە حكومەت خۆی خولقاندوویەتی و ئۆپۆزسیۆنی ناتەندروستیش لە دەساڵی رابردوودا رەنگرێژی كرد، هەرگیز هیچ قەیرانێك بە سەرەتایەكی باش تێناپەڕێت و قەیران لە دوای قەیرانیش بەرۆكی ئەم وڵاتە دەگرێت، كە تەنها هاوڵاتیان تیایدا زیاندمەند دەبن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە