کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی : چەند بژاردەیەكی چاكسازیی تاوتوێ دەكەین

.

05:48 PM - 01/12/2015

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ووتارێكی لە كۆنگرەی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد كە لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەرێوەدەچێت، لەووتارەكەیدا سوپاسی ئامادەبووانی كرد بۆ ئامادەبوون لەو كۆنفرانسە گرنگە و لەم كاتە هەستیارەدا و سوپاسی پشتگیری بەردەوامی كردن لەپرۆسەی گەشەپێدان ، سەرباری ئەو ئاستەنگیانەی رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە و دڵنیایی خۆی پیشاندا سەبارەت بەوەی بەیەكەوە دەتوانن زاڵبن بەسەر ئاستەنگیەكاندا.
وتیشی: كوردستان بە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی سەختی سیاسی و ئاسایش و مرۆیی و ئابووری تێپەڕدەبێت و لەسایەی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی گرنگی هاوپەیمانان كوردستان شوێنێكی ئەمنیترە لەجاران  و هێزی پێشمەرگە رێكخراوتر و كارامەتر بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن دەبنەوە.
جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان لانەیەكی ئارامە بۆ هەموو ئەوانەی لەمەترسی شەڕی ناسنامە هەڵاتوون و سەرەڕای ئەوەی هاوكاری كۆمەڵی نێودەوڵەتی و حكومەتی عیراق لەئاستی پێویستدا نەبووە هەرێمی كوردستان توانیویەتی پێشوازی لەژمارەیەكی زۆر ئاوارە بكات .
قوباد تاڵەبانی ئەوەشیخستەڕوو كە بەم دواییە كوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی ناوخۆ بۆتەوە و ناكۆكی لەنێوان پارتە سیاسیەكان لەسەر ماوە و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم گەیشتە قۆناغێكی زۆر هەستیار ، بەڵام لەقۆناغە قورسەكە تێپەڕبوون و لەكوردستان جیاوازی سیاسی هەبووە و ئێستاش هەیە و بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەئكیدی كردەوە قەیرانی دارایی لەهەموو قەیرانەكانی دیكە كاریگەرتر و مەترسیدارترە و زۆرترین كاتیان بۆ تەرخانكردووە لەحكومەت و هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر كوردستان لەمەودای دوور و ئێستاش بە باشی دەزانن لەگەڵ بەغدا رێبكەون و هەموو كاتێكیش ئامادەن بۆ رێكەوتن، بەڵام بەغدا هیچ رێگاچارەیەكی دیكەی بۆ نەهێشتوونەتەوە جگە لەوەی ئێستا بەدەستیانەوەیە و ناچاربوون پەرە بەهەناردەكردنی سەربەخۆی نەوت بدەن.
لەكۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ئاشكرایكرد: چەند بژاردەیەكی چاكسازیی تاوتوێ دەكرێن و داوای هاوكاری تەكنیكیان لە بەریتانیا و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە كردووە لەداڕشتن و جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی، چونكە چاكسازیی گرنگە بۆ ئارامی و زەمانێكە بۆ سەركەوتن و هەرگیز ئەو كەس و لایەنانە لەبیر ناكەن كەلەرۆژە سەختەكاندا لەگەڵیان بوون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە