کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شەڕ لە سنووی زاخۆ، هەڕەشەكردن لە سلێمانی

.

10:21 PM - 20/06/2020

شەڕ لە سنووی زاخۆ، هەڕەشەكردن لە سلێمانی
لەتیف نێروەیی

مەنجەڵە ماستەكەی ئەم جارەی توركیا گوریسێكی تێدایە، ئەگینا لە زنجیرە شاخی حەفت تەنینی سەر سنووری توركیا كە سەربە قەزای زاخۆیە، شەڕی دەستەویەخە لە نێوان هێزەكانی توركیا و هێزەكانی (پەكەكە)بكرێت، كەچی بەرپرسانی توركیا هەڕەشە لە شاری سلێمانی بكەن و بەمەترسیی بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی وڵاتی خۆیانی بزانن !.
ماستەكەی ئەم جارەی توركیا گوریسێكی تێدایە، ئەگینا نزیكەی (400) گوندی دەڤەری بادینان لەسنووری قەزاكانی (زاخۆ، ئامێدی، ئاكرێ) و تەنانەت هەندێك لە دێهاتەكانی نزیك لە شاری دهۆكیش چۆڵكراون، بەبیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی (پەكەكە)، هەرچەندە بە بەردەوامی بوردومانی ئەو شوێنانە دەكرێت و زیانی گیانی و ماڵی بەر هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكەوێت، كەچی بەرپرسە باڵاكانی توركیا پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ شاری سلێمانی دەنێرن!.
ماستەكەی ئەم جارەی توركیا گوریسێكی تێدایە، چونكە دوو ساڵە هێزەكانی ئەو وڵاتە بە قووڵایی دەیان كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو سنووری پارێزگای هەولێر و لە دێهاتەكانی دەڤەری مێرگەسۆر و برادۆست و ناوچە سنوورییەكانی ئەو پارێزگایە دەیان بنكە و بارەگاو سەربازگەی لەشكرییان دروستكردووە، كەچی بەرپرسانی توركیا شاری سلێمانی بە سەرچاوەی نائارامیی بۆسەر ناوچەكە دەزانن !.
مەنجەڵە ماستەكەی ئەم جارەی توركیا گوریسێكی تێدایە، چونكە نزیكەی (40) هەزار هاووڵاتی كوردی باكوور لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و شارەكانی باكووری كوردستان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە (پەكەكە)وە زیندانیكراون، كەچی دەستی هەڕەشە بۆ سلێمانی درێژدەكەن !.
ماستەكەی ئەم جارەی توركیا بێ گوریس نییە، خۆیان چاك دەزانن كێشەكە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەر ناكرێت، چونكە لەساڵی (1994)ەوە بەبەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی لە ناوچەكانی باشووری كوردستان دەكەن، بەڵام تازە بەتازە لەشاخی حەفت تەنینی سەرسنووری توركیا شەڕی دەستەویەخە لە نێوان هەدوولادا واتا (توركیا و پەكەكە) روودەدات، وەلێ چما بەرپرسانی توركیا پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ سلێمانی دەنێرن؟!. تۆ بڵێی (پەكەكە) دوو ئیدارەیی راگەیاندبێت، ئەو بەشەی لە ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری سەوزە كە سەدان كیلۆمەتر لە سنووری توركیاوە دوورە، دوژمنی سەرسەختی ئەوان بێت و بەشەكەی دیكەی (پەكەكە)ش كە لەناوچە سنوورییەكانی پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناو خاكی توركیادان، هەڤاڵ و دۆستی دەوڵەتی توركیابن و ئاسایش و ئارامی ئەو وڵاتە بپارێزن؟ ، یان (پەكەكە) نەگۆڕاوە، وەلێ خەتای ماستەكەیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا قەپاغی مەنجەڵەكە لادەبرێت و خەڵكی كوردستان گوریسەكە بە چاوی خۆیان دەبینن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە