کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هاوسەرۆكانی یەكێتی پێشوازیانكرد لە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

.

06:58 PM - 30/05/2020

ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی پێشوازیانکرد لە لە مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و وەفدێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

لەدیدارێکدا تەئکیدکرایەوە لە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولایەنی دۆستدا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێم بگەیەنێت،
وێڕایی پێویستی لێکگەیشتن بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان لایەنەکان، تا ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بەرقەرار بێت.
ھەر لە دانیشتنەکەدا دووپات لە دیالۆک و زمانی ھاوبەش بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ھاوبەش لە بڕیار و ئاڕاستە سیاسییەکان کرایەوە و داوا لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشکرا بیری جددی لە چارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی و قوتی ھاووڵاتیان بە گشتی و موچەخۆران بەتایبەت بکاتەوە و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەر گۆڕانکارییەکیش ھاوڵاتیانی ھەژار و کەمدەرامەت زەرەرمەند نەبن و ھەر چاکسازییەکیش بکرێت پێویستە وەڵام دەرەوەی داخوازی و پێویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵک بێت.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ھەڵسەنگاندن بۆ کۆی ھاوکێشەکان کرا و بیروبۆچوونیان لە بارەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

ھەر لەو دەرفەتەدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و وەفدی یاوەری بەبۆنەی ٤٥ ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی پیرۆزباییان گەیاندە ھاوسەرۆکەکان و سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتیی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە