کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

45 ساڵەی یەکێتی پیرۆز بێت

.

03:26 - 30/05/2020

45 ساڵەی یەکێتی پیرۆز بێت

دارا ئەنوەر زۆراب _ کۆمەڵناس

لە یادی 45 ساڵەی یه کێتی، دەکرێت هەم پیرۆزبایی بکەین لە سەرجەم هاوڕێیانمان و دەکرێت هەم ڕەخنە بگرین لەوەی  کە لەڕابردوو ئێستادا هه یە.

لە هەردوو کردارەکەدا یەکێتی لەوە دەرچووە موڵکی تاکە کەس یان گروپێک یان چەند کەسێکی دیاریکراوبێت، بەڵکو یەکێتی هەمان سیفەتی مام جەلالی هەیه، موڵکی هەموو کوردێکە، بەوانەی یەکێتین و لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتیدان، بە هەموو ئەوانەش کە یەکێتی نین و لە دەرەوەی یەکێتین.

بۆیه دەکرێت بپرسین و چۆن و بەچ شێوازێک حیزبێک لەناو فۆڕمێکی گشتیدایە دەبێتە موڵکی هەموان.
دەکرێت بڵێین فورسەتێکی مێژوویی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دروستکرد، کە مام جەلال تیایدا داوایکرد پێویستە خۆمان و هۆشیاریمان ئامادە بکەین بۆ ژیانێکی تازە، ئازادی سەربەستی مافداری بۆ هەموان.
 
دەکرێت لە ئێستاشدا ئەم فورسەتە مێژووییە لە دەست نەدرێت، ئەرکی یەکێتی دەبێت تەحەدای پاشەڕۆژ بکات، میللەتێک بەرەو کەناری ئارامی بەرێت و  ئاییندەیەکی ڕووناک بۆ میللەت و یەکێتی دروست بکات، دوور لە بەرژەوەندی تاکە کەسی و گروپ و هەلپەرستەکان، بەڵکو یەکێتی گەنج و یەکێتی هاوسەنگی هێز و یەکێتی ئارامی و ئاوەدانی و یەکێتی ئازادی و یاساو سەربەستی و مافداری وێنا و شوناس و ناسنامە گشتییەکەی یەکێتی بێت دروست بکرێت.
 
ڕاستە لە ئێستادا دڵی زۆرینەی یە کێتییەکانی ناو یەکێتی و ئەوانەی لە دەرەوەی یەکێتین، دڵیان پڕە لە ناخۆشی، پڕ لە ئازار هەست بەوە دەکەن غەدریان لێکراوە و مافیان خوراوە تا ئاستێکی زۆر زۆر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوایەک ئومێدێکیان هەر بە یەکێتییە، دۆخێک لە گۆڕانکاری دروست بکات، بۆیە دەبینرێت دڵسۆزانی یەکێتی و یەکێتییەکانی ناو یەکێتی لەگەڵ ئەوەی بە دەستێکی پڕ لە توڕەیی هاوار دەکەن تا ئێرەو بەس بۆ هەموو ئەوانەی یەکێتی بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، بەدەستێکی تر بۆ کۆتایی بە خەمە گەورەکەیان بە ژن و پیاو و گەنج و  پیر، بەرگری لە یەکێتی دەکەن بۆ کۆتایهێنان بە دۆخی نەخوازراوی یەکێتی بۆ دۆخی ئایندەگەشی یەکێتی.

بۆیە دەبێت هەموان ئەوە بزانن کە دروستکردن و بونیادنانی ئایندە بە دانیشتن نابێت، کۆتایی جەهالەت و کۆتایی بێ هیوای خەڵکی کوردستان و یەکێتی و دڵسۆزانی یەکێتیش بە کردار دەبێت دەست پێ بکرێت.

بۆیە ئەرکی یەکێتییه، وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات، بە پلان و کارەکانی باسی کۆتایی هەژاری بکات و کۆتایی جەهالەت و کۆتاییی بە بێ هیوایی خەڵکی کوردستان بهێنێت.
بۆ ئەم مەبەستەش وەک دڵنیاییە هەمیشەییەکەی لە ئازادی و سەربەستی و مافی مرۆڤ بۆ هەموان بگەیەنێتە لوتکە.

بۆیە دەکرێت هەموان لە تەک پیرۆزبایی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو فاکتە بزانین، مێژووی ڕابردوو کۆتایی هات، مێژووی داهاتوو لە بەردەستی خۆمانە، دەکرێت ئیش لە سەر ئەوە بکەین لە ناخی هەر تاکێکدا هیوایەکی تازە دروست بکەین، بۆ ئایندەیەکی گەش بۆ یەکێتی و لێپرسینەوەی یاسایی بۆ هەموو ئەو کەسانەی یەکێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن لە هەر پۆست و پلە و پایەکی ناو یەکێتیدا بن. 
بۆیە گرنگە بەشداری ڕاستەقینەی هەموان بۆ یەکێتی، یەکێتی هاوسەنگی هێز بێت، یەکێتی  ئازادی و سەربەستی و دیموکراسی و یاساو مافی مرۆڤ بێت، بۆ لوتکە و سەرخستنی یەکێتی، گۆڕانی وەچەرخانی سەرخستنی میللەتێک بێت.

هەموو ئەمانەش بەوە دەبێت، یه کێتی لە ئایندەیەکی نزیکدا پلانی کرداری بۆ گەنج بۆ بەرنامە سیاسییەکەی بۆ ناوچە و سنورە جوگرافییەکان و ناوچە جێناکۆکەکان هەبێت، تا دەگاتە ئەوەی یەکێتییەک دروست بێت، لە ژێر چەتری کرانەوە و ئازادی و دیموکراسی، ڕای جیاواز گەشە بکات و بگاتە لوتکە.
یەکێتی چەپکە گوڵەکەی مام جەلال بێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat: 12728 27500 V

Hotbird: 112962 27500 H

سەرەوە