کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کتێبک لە بارەی کارو بەرهەمەکانی نووسەری ناوداری میسری نەجیب مەحفوز چاپ کرا

.

12:24 PM - 26/05/2020

کتێبک لە بارەی کارو بەرهەمەکانی نووسەری ناوداری میسری نەجیب مەحفوز چاپ کرا کتێبی " نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا" چاپ کرا. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و وەرگێر " ئەردەڵان عەبدوڵڵا" یە، لە لایەن ناوەندی سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپکراوە. لەم کتێبەدا نووسەر باسی ژیان و شێوازی نووسین و فکری نەجیب مەحفوز کردووە. هەروەها کاریگەرییەکانی " دایکی، قاهیرە، میسر، فکری چەپ، ئیخوان موسلمین، حزبی وەفد، رژێمی پاشایەتی و سەربازی" بەسەرییەوە خستۆتە ڕوو. جگە لەوەش خوێندنەوەو رانان بۆ 12 رۆمانی نەجیب مەحفوز کردووە لە ناویشیاندا رۆمانە ناودارەکانی " اولاد حارتنا، سکریة ، بین القصرین، قصر الشوق" . نەجیب مەحفوز لە ساڵی 1911 لە قاهیرە لەدایک بووەو لە ساڵی 2006 کۆچی دوایی کردووە. ئەو یەکەمین نووسەری عەرەب و رۆژهەڵاتی بوو کە ساڵی 1988 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت. ئەم نووسەرە لە چاو نووسەرانی تری عەرەب و ناوچەکە، تەواو جیاوازە. بە زمانێکی زۆر سادە، وەسفی کەسایەتی رۆژهەڵاتی بەتایبەتی خەڵکی میسر، بە ژن و پیاوەوە دەکات. لە هەمانکاتیشدا نەجیب مەحفوز بەوە ناسراوە کە نووسەرێکی پێشکەوتنخوازەو دژی فکری ئیسلامی توندڕەوە، هەربۆیە ساڵی 1995 لەلایەن گروپێکی ئیسلامی توندڕەوەوە، هەوڵی کوشتنی درا، بەڵام خۆشبەختانە توانی رزگاری بێت. جێگەی ئاماژەی ئەم کتێبە بیستەمین کتێبی ئەردەڵان عەبدوڵڵایە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە