کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

راگەیەنراوی مەڵبەندی (٦) ی سۆران بە بۆنەی راپەڕینی شاری رواندزی سەرکەش

.

01:58 PM - 19/05/2020

راگەیەنراوی مەڵبەندی (٦) ی سۆران بە بۆنەی راپەڕینی شاری رواندزی سەرکەش

 رواندز و دۆڵی ئاکۆیان لە لوتکەی سەربەرزی و شانازی مێژوو

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان
هەڤاڵانی یەکیتیی لە رواندز و دۆڵی ئاکۆیان و تەواوی سنورەکە
یادی ۳۳ ساڵەی راپەرینی ساڵی ۱۹۸۷ ی رواندزی پایتەختی میرنشینی سۆران، بەرز و پیرۆز رادەگرین و رۆژی ڕاپەرینی شاری رواندزی خۆشەویست، شارە مێژووییەکەی میری گەورەی سۆران و دۆڵی ئاکۆیان، بە هەموو گوندەکانیەوە، لە مێژووی کۆن و هاوچەرخ و لە سەر ئاستی هەموو شۆڕش و راپەرینەکاندا، بە تایبەتی لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی(ی۰ن۰ک)پشکی شێریان لە خەبات وتێکۆشان و کاروانی نەپساوەی شەهیداندا بەرکەوتووە.

ئەم دەڤەرە سەوز و سوورەی رواندز و دۆڵی ئاکۆیان هەر لە زووە وە پەیامێکی بەرزی هەڵگرتوە و رۆڵەکانیشی بەو پەیامە پەروەردە کردووە، (یان سەرکەوتن یان شەهیدبوون ) لە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی مێژووی بە خوێن نەخشێندراوی گەلەکەماندا ، ناوی رواندز و تێکۆشەرانی دەکەوێتە بەر چاوت ، رۆڵ و کاریگەری رەواندزیەکان لە خەبات و شۆڕشی نەتەوایەتی بۆ ڕزگاری گەلی کوردو خاکی کوردستان، لە ژێردەستی داگیر کەران و دوژمنانی ، هەلوێستی بەرزی نەتەوەییان بەرز دەنرخێنین و لاپەرەکانی مێژووی کورد و کوردستان بە ناوی قارەمانانی رواندوز ، نەوەکانی میری گەورەی سۆران لەتۆمارکردنی داستان و نەبەردییەکانی شۆرشی نوێ رازاوەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک زوڵم و زۆرداریان قبوڵ نەکردوە و هەمیشە لە دژی ستەم و حوکمی دیکتاتۆری وەستاونەتەوە ، چەندان جار راپەرینیان ئەنجام داوە و یاخی بوون ، تا دوژمنیان ناچارو ملکەچی داخوازی و بریارەکانی خۆیان کردووە.

         ڕاپەرینی ساڵی ۱۹۸۷ چۆن ڕویدا

لە شەوی ١٧\١٨ /٥ رژێمی بەعسی فاشست وداگیرکەر، هێزێکی گەورەی بە پشتیوانی تانک و تۆپ و چەکی قورس نارد بۆ سەر گەروی سپیلک ، بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دۆڵی ئاکۆیان کە ئەوێ رۆژێ ناوچەی ئازادکراوو نوای پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان و شێرە کوڕانی یەکیتیی بوو، بەرەبەیانی ٥/١٨ دوژمنی جەلاد دەستی کرد بە تۆپ بارانکردنی هەشت گوندی دۆڵی ئاکۆیان و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، دواتر هێرشێکی بەرفراوانی دەست پێکرد لە هەردوو قۆڵی بنەکاول و بانەشان، ژمارەیەکی یەکجار زۆری سەرباز و پلەداری رژێمی روخاو و  جاشە بەکرێ گیراوەکانیان  بەشداری هێرشەکە بوون ، لە ماوەیەکی کەمدا کوڕانی تیپی ۱۲ی سۆران و  ۱۹ی کۆڕەکی هێزی پێشمەرگەو هێزی پشتیوانی سنورەکە لێیان هاتنە دەست و بەرپەچیان دانەوە، شەڕ تاکو کاتژمێر ( ١١ )ی نیوەڕۆ بەردەوامبوو، پێشمەرگە قارەمانەکان وانەیەکی گورچک بڕیان دایە دوژمن، هێرشە لەرزۆکەکەی دوژمنیان تێکشکاند و بە دەیان سەربازیان کوژراو بە دەیانیشیان برینداربوو، زەرەرو زیانەکانی هێزی پێشمەرگەش شەهید بوونی پێشمەرگەی قارەمان( رەفیق حسن) و بریندار بوونی ( ە )پێشمەرگەی ئازاو چاونەترس بوو بە ناوەکانی (علی بێجانی، جمال کریم، بێباک محمد، کمال هاشم، محمد شوشو).
کاتێک هێزە شکست خواردوەکەی دوژمن بە سەر شۆڕی گەڕایەوە، خەڵکی رواندز لە گەڕەکی گەروێ ناوڕەزان خۆشی و شادیان دەربڕی بە بۆنەی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە و شکان و دۆڕانی گەورەی هێزەکانی صدامی گۆڕ بە گۆڕ و بەرد بارانی هێزە بەزیوەکەی دوژمنیان کرد، بەمەش سەرانی بەعسی عەفلەقی بەغداد زیاتر رق وکینەیان بەرامبەر خەلکی شۆرشگێڕی رواندز گرتە دڵ و فەرماندەی فرقەی سەربازی ڕێزانی بەعسیەکان بڕیاریدا تۆڵەی ئەو شکستە هەرگیز چاوەروان نەکراوەیان  لە خەلکی کورد پەروەرو تێکۆشەری رواندز بکاتەوە.
سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، ڕێکخستنەکانی ناو شاری رواندزی ئاگادار کردەوە، خۆیان سازو ئامادەبکەن بۆ هەر ئەگەرو پێشهات و روداوێک، لەبەرامبەر هەر هێرش وپەلامارێکی دوژمندا بە پشتیوانی جەماوەر راپەرین  ساز بکەن، هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە حاڵەتی ئامادە باشی و لە دەورو بەری رواندز دابەش کرا.
رۆژی ٥/١٩ رژێمی خوێنرێژ هێزێکی سەربازی گەورەی بە چەکی قورس و مکائنەوە نارد بۆ تەخت کردنی گەرەکی گەروێ ناوڕەزان و سەرکوتکردن وئەنفالکردنی جەماوەری راپەریو، بە پێی ئەو بەرنامەیەی لە لایەن رێکخستنەکانی (ی ن ک) دارێژرابوو ، یەکەم دەسترێژ هەڤاڵ ( ابراهیم بادینی) کردی و شوفێری شۆفلەکەی بە سزای گەل و شۆرش گەیاند،  لە هەموو لایەک تەقە دەستی پێکرد و چەند سەربازێکی دوژمن کوژران، راپەرین لە گەرەکی گەروێ ناوڕەزان دەستی پێکردو هەموو رواندزی گرتەوە، ئەو راپەرینە شکۆدارە لە سەردەستی کوڕانی چنگ بە گڕی رێکخستنەکانی ناو شاری رواندز لە مێژووی پڕ لە سەروەری میللەتەکەمان تۆمارکرا کە ئەوێ رۆژێ وێنەی کەم بوو، بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە راپەرینەکە سەرکەوتنی مەزنی بە دەست هێناو دەست بە سەر هەموو دامو دەزگاکانی ڕژێمی بەعسدا گیرا و دارو دەستەی رژێمی داگیرکەر شار بە دەر کران ، دوو دەبابەی دوژمن لە لایەن رۆڵە ئازاو چاونەترسەکانی رێکخستنەکانی یەکیتی دەستیان بە سەردا گیرا و هەڤاڵانی تێکۆشەر شەهید(علی حسێن حسن)و (عدنان احمدە قوتە)و (حسن حسین نانەوا) ئاگری دەبابەکانیان بەرامبەر دوژمن بەکارهێنایەوە.

ڕۆژی دواتر ڕژێمی بەعسی فاشی هێزێکی زۆری لە سۆران و هەولێرەوە بەڕێ کرد بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەرینی خەڵکی دلێرو جوامێری شاری رواندزی سەرکەش، کاتێک هێزەکە لە جادەی ئیسقەرا دەرکەوتن ، ئاگری دەبابەکانی شۆرش هێزی ترسنۆکی دوژمنی بە تەواوی بێ ئومێد و ناچار بە پاشەکشێ کرد.
ڕاپەرینی رواندز سەروەریەکی گەورەی  مێژووییە لە دیرۆکی پرشنگداری گەلەکەمانداو
ئەنجامی ئەو راپەرینەش، رزگار بوونی رواندز بوو کە ماوەی سالێک  ناوجەی ئازادکراوی پێشمەرگە بوو.
چالاکیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تایبەتیش شێرە کوڕانی هەردوو تیپی ۱۹ی کۆڕەک و ۱۲ی سۆران لە سنورەکە تەنگیان بە دوژمن هەلچنیبوو ،  جاشە خۆفرۆشەکان و پیاوانی بەعسیان تۆقاندبوو ، هەرکاتێک بیانویستبایە لە ماوەیەکی کەمدا زیانی گەورەیان لە دوژمن دەدا.
دوای ساڵێک و لە ١٩٨٨/٥/٢٣ حکومەتی  بەعسی رەفتار فاشی دەستی کرد بە ئەنفال و راگواستنی بەشێکی شاری رواندز ، ( ٢١ ) خانوی خانەوادەی پێشمەرگەیان خاپور کرد، ( ١٥٠ )هاوڵاتیان دەستگیرکرد کە ( ۲۱ ) کەسیان بە لە سێدارەدان حوکمدران، زۆر بە داخەوە ( ١٣ ) قارەمان و تێکۆشەری رێکخسنەکانی یەکیتیی ئەنفال کران ، کە تا ئیستاش بێ گۆر و بێسەروشوێنن و وەکو هەزارانی تر لە هاونیشمانیانیان زیندە بە چال کران.
ئەو یادو بۆنەیە دەکەینە دەرفەت بۆ ئەوەی داوا لە هاوسەرۆکانی حزبی شەهیدان و تیمەکانی یەکیتیی لە حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان بکەین ئاوڕی جدیتر لە ناوچەی رواندزی دوژمن بەزێن و دەوروبەری بدەنەوە، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ئاست خەبات و قوربانیدانی خەلکی کوردپەروەری سنورەکەدا نیە ، بیری سەرکردایەتی یەکیتیشی دەهێنینەوە جەماوەری رواندزی قەڵای سەوز پارێزەری ئەو بەڵێنە بوون کە بە رابەری گەلەکەمان سەرۆک (مام جلال) یان داوە کە رواندز هەر قەڵا سەوزەکەی جارانە، نە دەبەزێ ، نە دەدۆڕێ.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاک و بەرزە فڕی ئەو( ١٣ ) تێکۆشەرەی شاری رواندزی خۆشەویست دەنێرین
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ڕزگاری کورد و کوردستان .
سەروەری و شانازی و شکۆمەندی بۆ خانەوادە و کەسوکاریان.

                                مەلبەندی (٦)ی سۆران

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە