.
10:29 AM - 19/05/2020
ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مانی كوردستانه. له‌م یاده‌دا سەری رێز و وەفا بۆ هزر و خه‌بات و قەڵەمی نیشتمانپەروەرێك دادەنەوێنین، کە بەدەم رێگای سه‌خت و دووری تێكۆشانه‌وه، گوڵچنی كولتوور و ئەدەب و مێژووی شۆڕشی کوردستانی کردووە. دوای خۆیشی، گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی، میژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی، و زمانه‌وانی بۆ جێهێشتووین.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌میشه به چاوی وه‌فادارییه‌وه ده‌ڕوانێته خه‌باتی كاك نه‌وشیروان و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ناو یه‌كێتی، كه له پێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و مافی چاره‌ی خۆنووسیندا، شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستانیان هه‌ڵگیرساند. ئه‌مڕۆ و نزیك به نیو سه‌ده دوای ئه‌و رۆژگاره، كوردستان له هه‌مووكات زیاتر پێویستی به سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مام جه‌لال و راشكاویی كاك نه‌وشیروانه و جێگه‌ی خاڵیی ئه‌م دوو هاوڕێیه‌ی خه‌بات، به روونی له تانوپۆی كورده‌واریدا هه‌ستی پێده‌كریت.
له یادمانه دوا هه‌نگاوی سیاسیی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان، كاركردن بووه بۆ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆران. ئه‌مڕۆ ئێمه دریژه‌دان به‌و هه‌نگاوه، به ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی خۆمان ده‌زانین و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین. به‌و هیوایه‌ی یەکخستنی ریزەکانمان لە پێناو خزمەتکردنی شایسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان، رۆحی ئه‌وان و سەرجەم شەهید و تێكۆشه‌رانی ئه‌م رێبازه ئاسووده بكات.
سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
١٩ی ٥ی ٢٠٢٠
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە