کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی کۆبۆوە

.

04:58 PM - 28/03/2020

ئەمڕۆ شەممە ۲۸ی ئاداری ۲٠۲٠ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی کۆبۆوە.
لەو دانیشتنەدا سەرەتا سەرۆکی ژوری بازرگانی وێڕای پیرۆزباییکردن لەسەرۆکایەتی نوێی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان باسی لە ئیش و کارەکانی خۆیان کرد بە تایبەتی لەم ساتەوەختەدا کە جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوبەڕوی تەنگەژەیەکی گەورە بۆتەوە و کوردستانیش لەم تەنگەژەیەدایە.
لەدرێژەی قسەکانیدا سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەرنامەڕێژییان کردووە بۆ خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و خۆراک و پێداویستیان هەیە و بەردەوامیش دەبن لە هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستی.
پاشان لاهور شێخ جەنگی سوپاسی ژوری بازرگانی و بازرگانانی سلێمانی کرد کە لەم ساتەدا تاڕادەیەکی باش توانیویانە خۆراک و پێداویستی دابین بکەن ئەمەشی بە هەڵوێستێکی نەتەوەییانە وەسفکرد.
هاوسەرۆکی یەكێتی باسی لەوەکرد: کە وەک سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پشتیوانی تەواوی کارەکانی بازرگانان دەکەین لەم تەنگەژەیەدا بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین و باشترین خۆراک بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن و نەهێڵن نرخ بەرزببێتەوە.
هاوسەرۆکی یەكێتی دەستخۆشی لەو کارە خێرخوازییانەش کرد کە لە ئێستادا لە لایەن بازرگانەکانەوە دەکرێت هەر بۆیە پێشنیاری کرد بازرگانان لە نێوخۆیان لیژنەیەک دروست بکەن و تەواوی ئەو خۆراک و پێداویستیانە لەژێر چەترێکدا کۆبکەنەوە تاوەکو بەیەکسانی بگاتە دەستی زۆرترین خێزانی هەژار و کەم دەرامەت، بۆ ئەم مەبەستەش وەک یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەڕووی ماددی و مەعنەوی بەشدار دەبن.
لەکۆتاییدا بازرگانان سوپاسی لاهور شێخ جەنگی و سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ـ یان کرد بۆ ئەم پشتیوانیکردنە کەئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان و هەموو لایەک دڵنیا و ئارام بن لە تەندروستی خۆراک.

jARQ0xTSU-Q

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە