کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دیوە شاراوەكانی كۆرۆناو ئایندەی ئێمە

.

07:22 PM - 24/03/2020

   فەهمی بورهان

ئەگەر بۆمرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی دراوسێمان بەتایبەتی هاتنی کۆڕۆنا شۆکێکی گەورەو بڕێکی زۆر لە ترس و نیگەرانی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت، ڕەنگە بۆ ئێمە ئەو ترس وئەو بڕە لە شۆکە جۆرو مانایەکی تری هەبێت، جیاواز لە تەواوی ئەو مانایانەی کە مرۆڤایەتی و دەوڵەتەکانی ئەو دیو جوگرافیایی کوردستان هەیانە،راستە لە باری زانستی و دونیایی تەندروستێی وە ئەشێێ هەڵگری یەک مانا ویەک جۆر لە هەوڵ بێت بۆ تێپەڕاندنی و هەرئەمەش خاڵی هاوبەشی ئێستایی نێوانمان بێت، بە بێێ ئەوەی سنور یان دین یان کەلتور پانتاییەکی بۆ مابێتەوە ڕۆڵێک بۆ نێوەندگیری یان تەرەفگیری ببینێت وەک ئەوەی بۆ کۆیی کایەکانی تر هەیەتی، هەروەک چۆن حەکیم ودکتۆرەکانی دونیایی پێشکەوتوو لەئاست بچوکی ئەم ڤایرۆسە وەک قەبارەو گەورەیی لە مەترسێکەیدا ،کڵۆڵن حەکیمەکانی ئێمەش هەروان.

بەڵام ئەوەی کرۆک و مەبەستی ئەم نوسینەی منە ،نیشاندانی دیوێکی تری کۆڕۆنایە ،دیوێک کە ئەگونجێت ببێت بەسەرەتایەکی تازەو داهاتووی وڵاتێکی خاوەن یاسا و فەرمان ڕەواییەکی تەواو عەقڵانی لەسەر بینابکرێت،ئەوەی وەک جیاوازیەکی بنەڕەتی ئێمە لە کۆیی مرۆڤایەتی جیا ئەکاتەوە، ئەوەیە کەئێمە هەموو کەمتر لە بیست ساڵێک قەدەر بە ڕووداوێکی بێ ئەنداز دڕندەو مەترسیدار ئاشنامان ئەکات، هەر ڕووداوێکی بەسە بۆ ئەوەی چ وەک نەتەوە یان وەک نیشتیمان لەبەردەم سڕینەوە یان لێکترازانێکی قوڵدابین، جارێک شاڵاوی بەعس و ئەنفال وکیمیا و جارێک داعش و فەتوایی بە کۆمەڵ کوشتن و جارێکیش ئەزمەی ئابوری و مەترسیی برسێتی و هەندێک جاریش حەشد و هەڕەشەکانی و خاک داگیر کردن،ئەم نەوەیەی ئێستا چەند دڵخۆشن، بەئەندازەی ئەوەش خەمبار، چەند ئازادن ،بەئەندازەی ئەوەش دیل،چەند ئاوێتە بووی سەردەمی مۆدێرنەو لیبڕالیزم و نەمانی جیاوازی چینایەتین بە ئەندازەی ئەوەش لەبەردەم ویژدانی نوستویی وڵاتانی زلهێزدان و کەس بۆ مەرگ و مەترسێکانی سەریان نایاتە دەنگ،ئینتەرنێت و پێشکەوتنەکان ئەوەندەی خەبەری مەرگ و سوتانی خاک و گلانی شۆڕشی پێیە ،ئەوەندە ماڵێک نەبوە بۆ دۆزینەوەی خەونەکان،ئەم نەوەیە نەوەی بینینی مەترسێکان و نەوەی گێڕانەوەو شاهیدی دەیان شەپۆلی مەرگە،هەنوکە مرۆڤایەتی لە سەردەمی کۆڕۆنا و مەترسێکانی دا ئەژیت، رەنگە دیارترین خاڵی هاوبەشی نێوانمان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کۆڕۆنابێت، بەڵام من ئەوەندەی چۆڵی سەهۆڵەکەو جادەی مەولەویی و دەوری قەڵاو باڕاڕی نیشتیمان چاوەکانمیان پڕ لە ئەسرین کردوە، ئەوەندە چۆڵبوونی بورجی ئیڤڵ و شەقامی شۆخ و شەنگی شانزە لیزێی نەی جوڵاندووم،لە بێدەنگی جادەکانی نیشتیماندا من نخرۆبووم، بێدەنگی شەقامەکانی ڕۆماو ئۆهان و بەرلین و لەندەن منیان شۆک نەکردوە،بڕوام وایە هیچ سیاسیەک نەبێت لە کوردستاندا خامۆشی شەقامەکان خامۆشی نەکردبێت ،کۆڕۆنا پێێ وتین ئەتوانین پێکەوە دوا ئامانجەکان بەدیبێنن ئەشیی جیاواز بین ،ئەشێی من یەکێتی و تۆش ڕەنگێکی تربیت، بەڵام دواجار هەموومان پێکەوە زیندویەتی ئەدەین بەشەقام ، جیاوازی هۆکاری بنچینەی گەشەی کۆمەڵ و بوونی سیستەمێکی فەرمان ڕەوایی تەندروستە ،بەمەرجێک فەلسەفەکەی لە سەر بنەمای ڕق نەچێنرابێت، کۆڕؤنا تەنها وانەی خاوێنی فێر نەکردین، بەڵکوو فێری کردین پێکەوە جوانین  و پێکەوە نیشتیمان ئەگەیەنینە دوا ئامانج،ئەمیش وەک ئەوانی تر پرسیاری ناسنامەی لەکەس نەکردوە هەمووان کوردین و هەمووشمان لە بەردەم مەترسیداین،ئیتر کاتی ئەوەیە کۆڕۆنا تێ پەڕین و لە سەربنەمای ئیرادەی هاوبەش و دور لە سەپاندنی یەک جۆرخیتاب داهاتووی نەوەکانمان بینا بکەینەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە