کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پێویستمان بە كەرەنتینە هەیە؟

.

07:53 PM - 11/03/2020

ئارام هادی

چین سەركەوت و ئیران تێكەوت
دوێنێ سەرۆكی چین لە شاری وهان كە ناوەندی بڵاو بونەوەی كۆرۆنایە دەڵێ "بە شێوەی سەرەتایی نەخۆشیەكەمان لەناو بردوە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا سەركەوتنی یەكجاری ڕادەگەیەنین"، هەرچی پەیوەندی بە ئیرانیشەوە هەیە ڤایرۆسەكە بەجۆرێك بڵاوبوەتەوە لە كۆنترۆڵی حكومەت دەرچوە و ڕۆژانە دەیان كەس بە ڤایرۆسەكە دەمرن، سەركەوتنەكەی چین بەسەر ڤایرۆسەكەدا پەیوەندی بە پێشكەوتنی ئاستی تەندروستی وڵاتەوە هەیە هاوكات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەربەستی تەندروستی لە لایەن حكومەتەوە و ئاستی هۆشیاری خەڵكیش ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بینی لەسەركەوتنەكەدا بە پابەندبونیان بەڕێنماییە تەندروستیەكان.

هەرچی پەیوەندی بە ئیرانیشەوە هەیە (غوڵام ڕەزا حەیدەری) نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئیران دەڵێ "حكومەت كەمتەرخەمبوە و ڤایرۆسەكەی لە خەڵك شاردوەتەوە و لەسەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشیەكەش لەشاری قوم ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتە بەر" حكومەتی ئیران بەهۆی سەرقاڵبونیان بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەوە نەیویستوە ئەم نەخۆشیە ئاشكرابكات، تا كارگەیشت بەو ئاستە ترسناكەی ئەو وڵاتەی پیا تێپەڕدەبێت.

ئێمە پێویستمان بە بەربەستی تەندروستی (كەرەنتینە) هەیە؟
ئەم پرسە زیاتر پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستیەوە هەیە، بەڵام خەمەكە گشتیە و ئێمەش دەتوانین قسەی تیابكەین، خۆشبەختانە تائێستا ئەم نەخۆشیە لەهەرێمدا لەژێر كۆنترۆڵدایە، بەڵام بۆئەوەی لە كۆنترۆڵ دەرنەچێت دەبێت ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگە حكومیەكان بارەگا حزبیەكانیش بگرێتەوە، هاوكات ئەو ژمارە لە كافتریا و چێشتخانە و باڕ و مۆڵەكان كە تائێستا دانەخراون دابخرێن، هەروەها لەڕێی تیڤی و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێكی چڕوپڕی فراوان ڕێكبخرێت و تیایدا خەڵك هۆشیاربكەنەوە لانیكەم تاسەرەتای مانگی چوار لەماڵەكانیان بمێننەوە و نەچنە بازاڕ و پارك و سەیرانگاكان، بەمەش هەرێم بەگشتی دەكەوێتە بارودۆخی بەربەستی تەندروستیەوە و هەوڵێكیشە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە.

ئەم نەورۆزە بۆ ئێمە یەكلاكەرەوەیە
ئێمە یانزدە ڕۆژمان لەپێشە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لەكاتێكدا ئەم نەخۆشیە لە وڵاتەكەی ئێمەش بونی هەیە، بڵاو بونەوەی نەخۆشیەكەش وەك لای هەمووان ڕوونە بەهۆی تێكەڵاوی خەڵك و چڕبونەوەیان لەشوێنێكدا هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسەكەیە، تۆی هاوڵاتیش دەتوانی ئەم نەورۆزە دان بەخۆتتدا بگریت و لەماڵەكەتدا بمێنەوە لەبەر سەلامەتی خۆت خێزان و كەس و كارەكەت، هەروەها حكومەتیش دەبێت بوێرانەتر بڕیاری كەرەنتینەی گشتی بۆماوەیەكی دیاریكراو ڕابگەیەنێت، بەتایبەت لە ڕۆژانی نەورۆزدا سەیرانگاكان دابخات و بازگەكانیش ڕێگری لەچونی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەبگرن، بەجۆرێكیتر لەم نەورۆزەدا بەمانەوە لەماڵەكانمان دەبینە ڕێگر لەبەردەم بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و بەچونە دەرەوەشمان چانس دەبەخشینە ڤایرۆسەكە و بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە، جا تۆ كامیان هەڵدەبژێری؟.

لەكۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، بە پابەندبونمان بەڕێنماییە تەندروستیەكان هاوشێوەی چین سەردەكەوین، بە گوێ پێنەدانیشمان نمونەی ئیران و ئیتاڵیامان لەبەرچاوە و لەم بارەوە خاتونێكی ئیتاڵی لە تویتەرەكەی خۆی دەڵێ "ئێمە سەرەتا وامانزانی ئەمە تەنها هەڵامەتێكی ئاساییە و گوێمان پێنەدا تا وایلێهات بە بەرچاومانەوە دایك و باوك و باپیرانمان و بەتەمەنەكان دەمردن چونكە ئەمە هەڵامەتێكی ئاسایی نیە"، باشترین بژارده بۆ ئێمە ئەوەیە پابەندی بەربەستی تەندروستی بین و خۆمان و ئایندەمان بپارێزین، دواین لێدوانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەڵێ "گەر پابەندی ڕێنماییەكان نەبن ئەوا ناتوانین بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵبین".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە