کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كورد لە دەورانی عەللاوی-دا

.

05:15 PM - 11/02/2020

هونەر ڕەسوڵ ئەحمەد
هەنگاوەكەی سەرۆك كۆمار بۆ راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەستپێكی قۆناغێكی گرنگە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا ناڕەزایی و ئاڵۆزیی لە شەقامەكانی عیراقدا هەبووە، پێویست بوو كەسێك ئەركی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بگرێتە ئەستۆ و لەو نێوەندەشدا لە كۆی سیاسییەكانی عیراق، عەللاوی رەنگە گونجاوترینیان بووبێت، چونكە بەرلە هەرشتێك هەردوو وڵاتی خاوەن هەژموون (ئەمریكا و ئێران) سەرباری ناكۆكییەكانیان، لەسەر راسپاردنی كۆكن. ئەمە سەرەتایەكی گرنگە و دەكرێت وەك پشتیوانییەكی بەهێزیش بۆ خودی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەیر بكرێت، چونكە ئەم دوو وڵاتە لەسەر كۆی پرسەكانی تر ناكۆكن. لەو چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەم كاتەدا گونجاوترین بژاردەیە، راستە لەسەر ئاستی شەقامی عیراقی ناڕەزایی بەرامبەر بە عەللاوی هەیە، بەڵام لە واقیعدا هیچ سیاسییەكی عیراق نییە لەم قۆناغەدا تێكڕای هاووڵاتیان پشتیوانیی بكەن و لەهەمان كاتیشدا لایەنەكان و جەمسەرەكانی ناو وڵات و خودی ئەمریكا و ئێرانیش پشتیوانیی لێبكەن.
ئەوەی گرنگە بۆ خودی عەللاوی ئەو راستییەیە كە راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەم دۆخەدا، هەروا كارێكی ئاسان نییە، وڵات گیرۆدەی دەیان گرفت و ئاستەنگی جۆراوجۆرە، خەڵكی هەژارن و پێداویستییە سەرەتاییەكانیش وەك پێویست نین، ململانێی وڵاتانی تر بە زەقی دەبینرێت، كورد كە پێكهاتەیەكی گرنگی وڵاتەكەیە، هێشتا لەگەڵ ناوەند گرفتی هەیە و رێكەوتنی كۆتایی بۆ داواكارییەكانی نەكراوە، سەرجەم ئەم پرسانە ئەوە دەخوازن كە خودی عەللاوی بە حیسابكردن بۆ پێشهات و كاردانەوەكانیش هەنگاو بنێت و سیاسەتێكی روون و حەكیمانە بكاتە بەرنامەی حكومەتەكەی، تا ئەوكاتەی دۆخەكە بۆ هەڵبژاردنێكی تر لەعیراقدا دەسازێت.
لە سەروبەندی پێكهێنانی هەر حكومەتێكیشدا لەناو كۆی داخوازیی و ناكۆكیی جەمسەربەندی ناوخۆیی لە بەغدا، داواكارییەكانی كوردیش بەشێكی تری وێنەی تەواوكاری حكومەتەكەیە، كە زۆر گرنگە كورد كۆی داخوازییەكانی بە یەكدەنگانە بخاتە چوارچێوەی بەرنامەیەك و بەرلە پێكهێنانی حكومەتی نوێ بیخاتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، بەو پێیەی لە رابردوودا لە زۆر كاتدا كورد لە دەستپێكدا وەك لایەنێكی گرنگ لە پێكهێنانی حكومەت بەشدارییكردووە، بەڵام دواتر و دوای پتەوبوونی پایەكانی حكومەت، ئیدی كورد و داخوازییەكانی وەك پێویست لایان لێ نەكراوەتەوە، ئەگەرچی شاراواوە نییە لەم پرسەدا زۆرجار كورد خۆشی هۆكار بووە، چونكە نەیتوانیووە بە یەكدەنگ پارێزگاریی لە داخوازییەكانی خۆی بكات.
هەوڵدان بۆ باڵادەستی لایەنێكی دیاریكراویش ببووە هۆكاری ئەوەی كورد لەبری ئەوەی لە وێنەیەكی گەورە و یەكگرتوودا ببینرێت، لە وێنەی بچووكی ترازاودا دەركەوتووە.
رەنگە باشترین چانس بۆ كورد ئەوە بێت كە ئێستا عیراق لە خراپترینی دۆخیدایە و حكومەتی داهاتووش (لەم قۆناغەدا) بەبێ كورد ناتوانێت سەرپێ بكەوێت، كەواتە كاتی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە ناوخۆ و دواتریش دیاریكردنی وەفدێك بۆ گفتوگۆ كە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكان تێیدا بەشداربن. ئەركی گرنگی ئەم وەفدەی هەرێم نابێت وەك رابردوو تەنها كاری ئەوەبێت كە كێ لە كوێدا نوێنەرەكەی دەكات بە بڕیاربەدەست، چونكە رابردوو ئەوەی سەلماندووە كە ئەگەر كورد بە یەكدەنگی، داخوازیی نەبێت، هەرچەند لە هەندێ وەزارەتی گرنگیشدا بڕیاربەدەست بێت، وەك تەنها كەسێك یان نوێنەری تەنها لایەنێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ئەمەش دەبێتە هۆكاری گرنگ كە لاواز و بێ رۆڵ دەربكەون، چونكە هەموو ئەوانەی لە هەرێمەوە دەچن بۆ بەغدا بەرلەوەی نوێنەری لایەنێك بن، دواجار نوێنەرایەتیی كورد دەكەن، كە بەداخەوە زۆرجار لە رابردوودا ئەمە پێچەوانەوە بووە، هەرچۆنێك بێت ئێستا كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە خاوەن سەنگە و لە قۆناغی دوای ریفراندۆمدا دەبێت بە هەنگاوی ورد، كە «چی پێویستە بۆ داهاتووی هەرێم؟» مامەڵە بكات و ئەمەش بە دروستكردنی یەكدەنگی و خستنەكەناری داواكاریی حزبی و تاكەكەسی دەست پێدەكات، بەجۆرێك ئەو تیمەی لە بەغدا دانوستان دەكات، نوێنەری هەمووان بێت، چیتریش داواكاریی نەتەوەیەك لە وەرگرتنی ئەم وەزارەت و ئەم نوێنەرایەتییەدا بچووك نەكرێتەوە.
كورد نەتەوەیەكە و پێویستە رێز لە ئیرادە و داخوازییەكانی بگیرێت، هەموو ئاماژەكانیش ئەوەمان پێدەڵێن كە كۆی رووداوەكان لە سوودی كوردن، ئەگەر خۆمان ئەم جارەش پێچەوانەی واقیع لەسەر بنەمای دەستكەوتی تاكەكەسی مامەڵە نەكەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە