کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گروپە شیعەكانی عیراق لەناو بەرداشی ئێران و ئەمریكادا

.

04:16 PM - 10/02/2020

گروپە شیعەكانی عیراق لەناو بەرداشی ئێران و ئەمریكادا

شاناز هیرانی

لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە نیسانی 2003، هێز و گروپە شیعییەكان بوونە هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمریكا، بەدیاریكراویش حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی ئیبراهیم جەعفەری و دواتریش نوری مالیكی و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆكایەتی بنەماڵەی حەكیم تا ئەوكاتەی كە عەمار حەكیم لێیان جیابۆوەو رەوتی حیكمەی دامەزراند.
چەند هێزو گروپێكی سیاسییە شیعە لە عیراقی نوێدا بەشداریی كاری سیاسییان كرد، بەڵام چەند گروپێكیان هەرزوو چەكیان بە رووی ئەمریكادا بەرزكردەوە، كە دیارترینیان رەوتی سەدر بوو بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و هەر لەپەنا ئەو گروپە چەكدارەی ئەوەوە كە بەناوی جەیشی مەهدی-یەوە دروستیكرد، چەند گروپێكی دیكەو بەناوی جیاجیا دروستكرا.
ئەم گروپە لەساڵانی 2004-ەوە تا 2008 وەك هێزێكی (مقاومە)ی توندی شیعە لەبەرامبەر سوپای ئەمریكا ‌و سوپاو پۆلیسی عیراقدا لە ململانێیەكی چەكداریی سەختدا مایەوە، بەڵام لەلایەك لەژێر گوشاری ئۆپەراسیۆنەكانی بەشائیر ئەلخەیر ‌و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریكا ‌و عیراق ‌و دیاریكردنی وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011، وردە وردە سەدر هێزەكەی سڕكرد و بەشێكیانی تێكەڵ بە هێزی پۆلیسی ئیتیحادی ‌و بەشێكیشیانی تێكەڵ بە سوپای نوێی عیراق كرد لە سنووری ناوچە شیعە نشینەكاندا.
ئەم خاوبوونەوەیەی سەدر وایكرد كە لەساڵی 2010دا گۆڕانكاری گەورە بێتە ئاراوەو بە رەسمی تێكەڵ بە پرۆسەی سیاسی بوو و لە هەڵبژاردنەكەی 7/3/2010دا قەوارە سیاسییەكەی توانیی (40) كورسی نوێنەران مسۆگەر بكات لەكۆی (328) كورسی.
جارێكی دیكە و دوای ئاشتییەكی نیمچە سەقامگیر، بەشێك لە هێزە شیعەكان لەدوای 17 ساڵ كەوتنەوە ململانێی لەگەڵ ئەمریكادا ‌و بەشێكیشیان كەوتوونەتە بەرداشی نێوان واشنتۆن و تارانەوە، چونكە هێزە مەدەنییە شیعەكان تا پێش ساڵی 2014-ش وەك حزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پاش جیابوونەوەی باڵی سەربازی لێی (رێكخراوی بەدر) بە رواڵەت لە ئەمریكا نزیك بوون، بەڵام لەناواخندا هەر لەژێر كاریگەریی ئێراندا مابوونەوە.
دوای پاشەكشەكردنی ئەمریكاش لە 31 كانونی دوەمی ساڵی 2011 گروپە شیعە چەكدارەكان رووبەڕووی هێزە ئەمریكییەكان نەوەستانەوە، بەتایبەتی ئەو هێزە ئەمریكییەی كە بۆ مەشق و راهێنان و راویژكاریی مابوونەوەوەو دواتریش لە 2014ەوە ژمارەیان زیادكرایەوە بەپاساوی شەڕی دژبە تیرۆری داعش.
شەڕی داعش قۆناغێكی دیكەی هاوكاریی ‌و هاوئاهەنگیی رانەگەیەندراوی نێوان ئەمریكییەكان ‌و هێزو گروپە چەكدارە شیعەكان بوو كە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا خۆیان تێكەڵ بەو گروپانە كرد كە لەسەر بنەمای فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە پێكهێنراو لە نوێنەرانیش پەسەندكرا، بەوەش هەرە رمووزە دیارەكانی هێزو گروپە شیعەكانی نزیك لە ئێران، بەپێی ئەزموونی پێشتریان پۆستی باڵایان لە فەرماندەیی هێزەكانی حەشد وەرگرت.
لەدوای قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییە سیاسیی ‌و ئابووریی ‌و سەربازیی ‌و هەواڵگرییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران ‌و ئەمریكا، دۆخی ئەو گروپە شیعییانە گۆڕانكاریی بەسەردا هات ‌و بەشێكیان ئامادەیی خۆیان راگەیاند بۆ دژایەتیكردن و بەرنگاربوونەوەی چەكداریی لە دژی هێزەكانی ئەمریكاو بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەرد پێكهێنانی (بەرەنگاریی نێودەوڵەتی) راگەیاندو لەلایەن (بزووتنەوەی نوجەباوە) پشتیوانی لێكرا، سەرباری بوونی جیاوازی لە هەڵوێست و دیدگایاندا، بەشێكیشیان بەپێچەوانەوە چوونە پاڵ ئەو دەنگەی شەقام ‌و خۆپیشاندەران كە داوای دەستێوەرنەدانی ئێران دەكەن لە كاروباری عیراقدا.
ئێستا وەك تێبینی دەكرێت، حەشدی شەعبـی بوونەتەوە چەندین جۆر گروپ و دەستەی جیاجیا، هەندێكیان وەلائی خۆیان بۆ حەوزەی نەجەف ‌و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ‌و داوای خۆپیشاندەران رادەگەیەنن، هەندێكیشیان پشتیوانیی حەوزەی قوم ‌و ویلایەتی فەقیهـ ‌و ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی دەكەن.
لەم دۆخەشدا ناتوانین بڵێین گروپە شیعەكان نوێنەرایەتی رای گشتیی شیعەی عیراق دەكەن، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوەش نییە كە نوێنەریان نیین، هۆكارەكەشی دەگەڕیتەوە بۆ دۆخی ئێستای عیراق، چونكە شەقامی شیعە دژی سیستمی سیاسیی بەگشتی خۆپیشاندان دەكەن ‌و پشتیوانیی لە هیچ كام لەو گروپانەش ناكەن كە بانگەشەی ئایینی دەكەن.
زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە پاش قووڵبوونەوەی تەنگژەی نێوان ئێرانییەكان ‌و ئەمەریكاییەكان، ئیدی سەرەتای كۆتایی هاتنی ئەو سیستمەیە كە لەدوای 2003ەوە لەعیراق دروست بووە، هەروەها بەشێك لە شرۆڤەكاران ‌و سیاسەتوانانی ئەمریكاش پێیانوایە ئەزموونی پشتیوانیكردنی ئیسلامی سیاسی شیعە لەعیراق شكستی هێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریكا نەیتوانی ئەو گرەوەی لەسەر نوخبەی شیعە كردبووی بیباتەوە، كە بریتیبوون لە حزبی دەعوەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی.
بەڵام جگە لەو دوو لایەنە سەرەكییە شیعەیە، بۆرژاوزیی مەدەنی و ئاینیش لەچاوی ئەمریكییەكان ‌و شەقامی عیراقدا تا رادەیەك شكستیان هێناوە، چونكە هێشتا نەیانتوانیووە رەوتی سیاسی كۆمەڵایەتی عەقڵانی گەڵاڵە بكەن لەعیراق و توانای بەرەوپێشەوەچوونی كاری سیاسییان نەبووە لەو ماوە زۆرەداو ئێستا كەوتوونەتە بەر نەشتەری ئینتیمابوونی عەقیدەیی و لە حزبی سیاسیی ئایینییەوە بوونەتە گروپی چەكدار.
دواجار لەو ماوە زۆرەدا بەشێك لە گروپە شیعەكان لە نێوان تاران و واشنتۆندا بەهەڵواسراوی مانەوە تا گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بۆیە بەشێكیان بەتەواوی شكاندیانەوە بەلای ئێرانداو بەشێكیشیان نەسۆزی ئەمریكایان مسۆگەركردووە نە سۆزی شەقامی عیراقی، هەربۆیە ئەمڕۆ ئەمریكا ڕووبەرووی بەرهەڵستییەكی شیعەكان بەگشتی بۆتەوە، كە پێشتر خۆی پشتیوانیی هەندێكیانی دەكرد.
پێشدەچێت دواجار ئەمریكا ناچار دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هاوپەیمانییەكانی بكاتەوەو دوای خۆ ساغكردنەوە، لەمەودوا‌ پشتیوانیی لەشیعە عروبی و عەلمانییەكان بكات لەشێوەی ئەیاد عەلاوی ‌و هاوشێوەكانی، ئەگەرچی بەگوێرەی دروشمی هەندێك لە خۆپیشاندەران، هەموو ئەو دەستەو گروپانە رەتدەكرێنەوە كە لە 2003 وە لەناو سیستمی سیاسیی نوێی عیراقدا بەرپرسیارێتییان هەبووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە