کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نوێبوونەوە لە كوێوە بۆ كوێ؟

.

04:28 PM - 30/01/2020

نوێبوونەوە لە كوێوە بۆ كوێ؟

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

تەنها لەم مانگەدا دوو لە ناوەندە گرنگەكانی میدیای كوردی (كوردستانی نوێ و PUKmedia) مۆمێكی تری تەمەنیان داگیرساند. داگیرساندنی مۆمی ئەمساڵی ئەو دوو ناوەندە گرنگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدایە كە ئەو حزبە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوودا كۆنگرەی بەست ‌و ئیدی هەمووانیش لە چاوەڕوانی ئەوەدان كە سەركردایەتیی نوێی یەكێتی بە هەنگاوی نوێوە جیاوازییەكان پیشان بدات، بە جۆرێك چاوەڕوانی چەندین ساڵی رابردوو بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە وەك ئاوێنەی بەر هەتاو ئامانجەكانی روون بن و نوێبوونەوەش كە دروشمی سەرەكیی كۆنگرە بوو، بەسەر كۆی دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتیدا گشتاندنی كردەیی بۆ بكرێت، چونكە یەكێتی ئەگەر ئامانجی بێت بە جیاوازییەوە هەنگاو بنێت ( كە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی هەمیشە جیاوازیی بەشێكی گرنگی ناسنامەكەی بووە)، دەبێت ئەمڕۆ بە سبەی و رۆژێكی نوێش بە دەستپێكێكی تر نەبەستێت و هەرچی زووە كارە گرنگ و گەورەكان ئەنجام بدات، كە بۆ ئەمە بێگومان ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی بەبێ جیاوازی لە بەردەم ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەدان و هەنگاوی گرنگی دوای كۆنگرەش كە پێویستە زۆر زوو كاریگەرییەكانی ببینرێن، پێداچوونەوەیە بە میدیا و كۆی راگەیاندنی یەكێتی بە بینراو و بیستراو ‌و نووسراوەوە.

بەڵگە نەویستە هەموو ئەوانەشی دژی سیاسەتی یەكێتین، ناتوانن نكۆڵی لەو راستییە بكەن كە ئەو حزبە وەك چۆن پێویستی قۆناغ بووە، هەرواش هەمیشە حزبی داهێنەر و زۆرجاریش حزبی كاری گرنگ و گەورە و مەحاڵ بووە، هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وا دەخوازن یەكێتی ئیدی لەم شێوازە لە كاركردن لە ناوەندەكانی میدیا گۆڕانكاری گەورە بكات، ئەمە لە كاتێكدا یەكێتی بۆ ئەم قۆناغی خۆسازدانەوەیە بە هیچ شێوەیەك پێویستی بەوە نییە كە كادری میدیایی لە ناوەندەكانی تری میدیاوە هاوردە بكات، بە پێچەوانەوە یەكێتی خاوەن دەیان و سەدان كادری گەورەی میدیاییە، بەڵام هەمیشە دۆخی ناوخۆیی و هەندێ جاریش ململانێ و لە زۆر كاتیشدا نەبوونی پشتیوانی دارایی بەهێز، تێكڕا هۆكاربوون كە میدیاكارانی یەكێتی وەك پێویست نەتوانن لە ناوەندە میدیاییەكانیانەوە لە ئاستی چاوەڕوانی جەماوەر و كادرانی یەكێتیدا بن.
بە گشتی ئەوەی لە رابردوودا بینراوە، كاری گرنگی پێشمەرگانەی ئەو كادرە میدیاییانە بوو كە هیچ شتێك نەیتوانی لە ناوەندەكانیان بیانترازێنێت، ئەگەرچی ناچارین ئەو راستییەش بڵێین كە بەشێك لە هاوڕێكانمان بە هەر مەبەستێك بێت كە لای من تەنها دەچێتەوە سەر شاڕێی بەرژوەندی و دەستگەیشتن بە سەرچاوەی دارایی گەورەتر لە دەرەوەی یەكێتی، جێیان هێشتین و لە شوێن و شاشەی تر گیرسانەوە، بەڵام بە هەر چەشنێك بێت ئەوە رابردووە، ئێمەش ئەگەر ئامانجان هێنانە ئارای دۆخێكی نوێی میدیایی بێت، ئەوەندەی چاومان لەسەر داهاتووە، نابێت ئەوەندە خۆمان پەیوەست بكەین بە ڕابردووەوە، داهاتووی روونیش هەر تەنها ئەوەیە دەبێت یەكێتی وەك پێویستییەكی گرنگ، وەك بەشێك لە هۆكاری بەردەوامیدان و گەشەكردن، لە داهاتووی ناوەندەكانی میدیای خۆی بڕوانێت و پێداچوونەوە و رێكخستنەوە و سەرچاوەی داهاتی پێویست بخاتە بەردەمی هەموو ئەوانەی لە خەمی میدیاكانیدان، شاراوەش نییە كە ئێستا لەلایەك لەناو ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی و لە دەرەوەی ئەو ناوەندە گرنگەی بڕیاردانیش، یەكێتی خاوەنی دەیان كادری خاوەن روئیا و بەهێزە، كە هیچ كارێك بەتایبەت پێداچوونەوە و رێكخستنەوە بە ناوەندەكانی میدیا لایان كارێكی قورس و ئەستەم نییە، ئەم هەنگاوە گرنگە تەنها پێویستی بەوە هەیە كە یەكێتی لەم قۆناغەدا دەرگای ئەم قۆناغە نوێیە بكاتەوە، ئیدی لە دوای ئەمەوە بە كردەیی گۆڕانكاری زۆر گەورە لە ناوەندە میدیاییەكانیدا دەبینرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر یەكێتی دەرگای بەردەم ئەم كارە گرنگە واڵا نەكات بۆ ئێمەی كادرانی راگەیاندن، هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ لە قۆناغی پێش كۆنگرە و دوای كۆنگرە بەدی ناكەین، بەو ئومێدەی هەنگاوەكانی داهاتووی سەركردایەتیی یەكێتی پێكهێنانی لیژنەیەك بێت بۆ ئەم دەستپێكی قۆناغە گرنگە، كە هەمووان بە ئومێدەوە چاوەڕێی دەكەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە