کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆسرەت ڕەسول پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم كرد

.

06:53 PM - 18/01/2020



‎ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٨/١/٢٠٢٠ لەشاری هەولێر، كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە ستیف فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان.
‎لە سەرەتای دیدارەكەدا كونسوڵی ئەمریكا پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی لەكۆسرەت ڕەسول كرد.
‎لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا، هەروەك كۆسرەت ڕەسول سوپاسی ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە هەمیشە هاوكارو پشتیوانی كورد بوونە.
‎بەشێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی كوردستان و هەنگاوەكانی چاكسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە، هەردوولا گفتوگۆی وردیان كرد لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازی و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ هەنگاوی جدی بنرێ بۆ ئەم پڕۆسەیەو پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردەوە.
‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، هەریەك لە كۆسرەت ڕەسول و كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم هاوڕابوون كە گفتوگۆ ببێتە بنەمای كاركردنی نێوان هەرێم و بەغداو سەرجەم كێشەكان بەگفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن.
‎پەیوەست بەدۆخی كوردستان كۆسرەت ڕەسول دووپاتی كردەوە كە لە هەموو كات زیاتر پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكگوتارو یەكگرتوو بێ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە