کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مانگانە یەك ملیۆن دۆلار لە مووچەی پلە باڵاكان دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت

.

04:55 PM - 18/01/2020



(راهی رەهبەر سەید برایم) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەرێگەی 8 خاڵەوە وردەكاری یاسای چاكسازی بڵاودەكاتەوە‌و دەڵێت، مانگانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار تەنها لە مووچەی پلە باڵاكان دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردوە، مووچەی 464 پلە باڵا كە زیاتر لە ملیۆنێك دۆلاری مانگانە دەكات هەڵوەشێندرایەوە، ئەمە جگە لەوانەی لە سلكی سەربازی بەنایاسایی مووچە وەردەگرن، هاوكات خانەشینی پلە باڵاكان بەرێژەی لەسەدا 30 كەمكرایەوە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 45 ساڵەو خزمەتی 15 ساڵیان هەیە، بۆ ئەوانەش كە تەمەنیان لەخوار 45 ساڵە‌و 15 ساڵ خزمەتیان نیە بەڕێژەی لەسەدا 55 كەمكراوەتەوە، بەوپێیە تەنها لە خانەنشینی پەرلەمانتاراندا مانگانە یەك ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت.

ئاماژەی بەوەشكردوە، دادوەر‌و داواكاری گشتی بەرێژەی لەسەدا 70ی مووچەكانیان خانەنشین دەبن كە پێشتر لەسەدا 100 بووە، جگە لەوەش خانەنشینی پلە باڵا‌و تایبەت لە حكومەت لەسەدا 80وە بۆ لەسەدا 50‌و لەسەدا 60 كەمكراوەتەوە.

هەروەها پلەو بڕوانامە‌و خزمەت دەبنە تەواوكەری یەكتری‌و ئەوانەی بە نایاسایی كراون رێكدەخرێنەوە. جگە لەكەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیانی سیاسیش هیچ كەسێكی دیكە دوو مووچەی نابێت، هەروەها پاسەوانی بەرپرسان رێكدەخرێتەوە‌و دەخرێنەسەر وەزارەتی ناوخۆ. هاوكات قەرزی كۆمپانیاكان كە زیاترە لە مووچەی مانگێكی فەرمانبەران، دەبێت وەربگیرێتەوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بۆ زیادكردنی مووچەی 90 هەزار خانەنشین تەرخان دەكرێت، كە مووچەكانیان كەمترە لە 300 هەزار دینار.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە