کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبۆوە

.

05:56 PM - 15/01/2020

ئەنجومەنی وەزیران دڵنیایی دەدات كە: بەهیچ شێوەیەك مووچە و مافی هیچ كەسێكی شایستە بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبۆوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، لەبارەی ناوەڕۆك و ئامانجی سەردانەكەی ئەم هەفتەیەی وەفدی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان گفتووگۆكراوە و وەفدی هەرێمی كوردستان و عیراق تەئكیدیان لە گرنگیی پابەندبوون بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان كردوەتەوە.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا لەبارەی پرۆژە یاسای چاكسازی  گفتووگۆكرا و تەئكیدكرایەوە: كە حكومەتی هەرێم  بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاكسازی و بۆ  رێكخستنەوەی مووچە و دابەشكردنی داهاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، هاوكات ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەندراوەكەیدا دڵنیاییداوە كە مووچە و مافی هیچ كەسێكی شایستە بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت.
لەم بارەیەوە بڕیاردرا روونكردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی كوردستان.
بڕگەی یەكی تر كۆبوونەوەكەش گفتوگۆكردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت  كە بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیكردنی پڕۆژەكە لە پێناو جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی كەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەكی یاسایی روون و ئاشكرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێكۆڵینەوەی زیاتر لەم بارەیەوە بكات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێشنیار و تێبینییەكانیان پڕۆژەكە دەوڵەمەندتر بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە