کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك كۆمار باس لەكاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ دەكات

.

07:36 PM - 11/12/2019

سەرۆك كۆمار لەگەڵ سەرۆكی زانكۆو ئەكادیمی و نوێنەری سەندیكاكان و چالاكوانانی مەدەنی باسی لەكاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی كرد كەمایەی رەزامەندی گەل بێت.

ئەمڕۆ 11ی كانونی یەكەمی 2019، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ گوێگرتن لەلایەنە رەسمی و جەماوەرییەكان سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح لەكۆشكی سەلام لەبەغدا لەگەڵ ‌ژمارەیەك سەرۆكی زانكۆكان و ئەكادیمی و نوێنەری سەندیكای پیشەییەكان و چالاكوانانی مەدەنی بەجیا كۆبووەوە.

لەمیانی كۆبوونەوەكاندا، باس لە‌دۆخی ئێستای وڵات و هەوڵەكانی یەكلایی كردنەوەی كاندیدكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ حكومەتی كاتی كرا لەچوارچێوەی كاتە دەستووریەكاندا.

لە كۆبوونەوەكاندا دووپات لەگرنگی بەشداری پێیكردنی نوخبە جیاوازەكان كرایەوە بۆ یەكلایی كردنەوەی بڕیاری نیشتمانی لەبارەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران كە ئەركی سەرەكی جێبەجێكردنی بەركەوتەكانی چاكسازی و ئامادەكاری بێت بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەرد بەپێی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە.

لە‌درێژەی كۆبوونەوەكاندا، سەرۆك كۆمار جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە سەرۆك وەزیرانی كاتی جێگای رەزامەندی گەلی عیراق بێت بەگشت چین توێژەكانییەوەو ببێتە مایەی دەستەبەركردنی ژیانێكی باشتر بۆ گەلی عیراق و لەچوارچێوەی یاسا و كاتە دەستووریەكاندا.

هاوكات جەخت لەگرنگی پاراستنی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان كرایەوە، ئەمە جگە لەرووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕان و دەرچووان لەیاسا و بەتایبەتی ئەو كەسانەی كەخۆپیشاندەران و ئاسایشی گشتی دەكەنە ئامانج.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكاندا سەرۆك كۆمار، له ‌میانی گفتوگۆیەكی رون و ئاشكرا گوێبیستی دیدو بۆچونی ئامادەبووان بوو، سەبارەت بەپرۆسەی چاكسازی و خواستە ‌رەواكان و چۆنیەتی كاركردن بۆ ئەوەی خۆپیشاندانە ئاشتیەكان ببنە بنەمای كاركردن بۆ چاكسازی ڕاستەقینەی یەكجاركی لە پرۆسەی سیاسی و دەستكردن بەقۆناغی ئاوەدانكردنەوەی نیشتمان و پاراستنی مافەكانی هاووڵاتیان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە