کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەتڵەتیكۆمەدرید لەبەردەم دواهەلی گەیشتنە بۆ قۆناغی 16

.

10:27 PM - 10/12/2019

یانەی ئەتڵەتیكۆمەدریدی ئیسپانی بەئامانجی درێژەدان بەكاروانەكەی لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەیاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ و بەپشت بەستن بەهاندەرەكەی روبەروی یانەی لۆكۆمۆتیڤ مۆسكۆی روسی دەبێتەوە.
رۆخی بلانكۆس بۆ بەدەستهێنانی بلیتی دووەمی قۆناغی 16 پێویستە بەربەستی لۆكۆمۆتیڤ تێپەرێنێت و سەركەوتنی بەسەردا تۆمار بكات بەبێ ئەوەی چاوەرێی ئەنجامی یاریەكەی تر بكات چونكە تیپەكەی دییگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی 7 خاڵی كۆكردۆتەوە لە2 بردنەوە و یەكسان بوونێك و 2 شكست و پلەی دووەمی ریزبەندی كۆمەڵەی چوارەمی گرتووە.
لەلایەكی ترەوە و لەئەگەری شكستی لەم یاریەدا ئەتڵەتیكۆ دەگاتە قۆناغی داهاتوو بەمەرجێك بایەرلیڤەركوزن لەیاریەكەی تر بەیۆڤانتۆس بدۆرێت، بەڵام جگە لەو ئەنجامانە ئەوا ئەو یانە ئیسپانیە كاروانەكەی لەچامپیۆنس لیگ كۆتایی دێت دەبێت بچێتە ركابەریەكانی خولی ئەوروپی.
یانە مەدریدیدیەكە دەیەوێت بگەرێتەوە سەر رێگای سەركەوتنەكانی لەدوای شكستی لەبەرامبەر لیڤەركوزن و یۆڤانتۆس لەچامپیۆنس لیگ كە ئەوە یەكەم جارە لەدوای وەرزی 2009 بۆ 2010 تیپەكەی دییگۆسیمیۆنی زیاد لەجارێك لەقۆناغی كۆمەڵەكان روبەروی شكست بێتەوە.
هەروەها لەئاستی لالیگاش لەم وەرزەدا ئەتڵەتیكۆمەدرید دور لەچاوەروان دەركەوتووە كە ماوەی چەند ساڵێكە ركابەرێكی بەهێزە لەسەر نازناوی خولەكە و ئێستا لەپلەی حەوتەمی ریزبەندی دەبینرێت بەجیاوازی 18خاڵ لەدوای بەرشەلۆنەی پێشەنگ و 3 یاریە بەدوای یەك سەركەوتنی تۆمار نەكردووە.
یاریەكەی تری ئەم كۆمەڵەیە هەردوو یانەی بایەرلیڤەركوزنی ئەڵمانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لەیاریگای بای ئەرێنا لەبەرامبەر یەك كۆدەكاتەوە، یۆڤانتۆسی پاڵەوانی ئیتاڵیا بەكۆكردنەوەی 13 خاڵ لە 4 بردنەوەویەكسان بوونێك پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی و گەیشتنی بۆ قۆناغی 16 یەكلاییكردۆتەوە و ئەم یاریە تەنها لەپێناو ئەوە دەكات بتوانێت قۆناغی كۆمەڵەكان بەبێ شكست ببڕێت و لەهەمان كاتدا شكستە قورسەكەی كاڵچۆ لەبیر هاندەرانی بباتەوە كاتێك لەهەفتەی 15ی خولەكە بەگۆڵێك بەرامبەر بە3گۆڵ بەلازیۆ دۆڕا و نەیتوانی پێشەنگی ریزبەندی لەئینتەرمیلان وەربگرێتەوە.
لەبەرامبەردا ئەنجامی ئەم یاریە بۆ  لیڤەركوزن زۆر گرنگ و چارەنوسسازە لەپێناو ئەوەی هاوشانی ركابەرە ئیتاڵیەكەی بگاتە قۆناغی داهاتوو، بۆ گەیشتنە ئەو ئامانجەش تەنها پێویستی بەبردنەوەیە و لەهەمان كاتدا دەبێت ئەتڵەتیكۆ نەتوانێت سەركەوتن لەیاریەكەی تر تۆمار بكات بەهۆی ئەوەی ئەو یانە ئەڵمانیە پێش ئەم یاریە بە 6 خاڵ و بەجیاوازی خاڵێك لەدوای رۆخی بلانكۆس پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە