کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سێ یانەی كۆمەڵەی سێیەمی چامپیۆنس لیگ ركابەری لەسەر دووەم بلیت دەكەن

.

10:26 PM - 10/12/2019

یاریەكانی كۆمەڵەی سێیەم لەجەولەی شەشەم و كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ ركابەری سێ یانە بەخۆوە دەبینێت لەپێناو یەكلاییكردنەوەی بەدەستهێنانی دووەم بلیتی قۆناغی داهاتوو لەدوای مانچستەرسیتی پێشەنگ، هەردوو یاریەكەی ئەم كۆمەڵەیە لەیەك كاتدا و لەسەعات 8 و55 دەقیقەی شەوی چوارشەممە بەكاتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكەن.
یانەی شاختار دۆنیتسكی ئۆكرانی لەیاریگای دۆنباس ئەرێنای تایبەت بەخۆی پێشوازی لەیانەی ئەتڵانتای ئیتاڵی دەكات، شاختار پێش ئەم یاریە 6 خاڵی هەیە لەپلەی دووەم دوای ئەوەی لە5 یاری رابردوو تەنها یەك بردنەوە و 3 یەكسان بوون و شكستێكی تۆماركردووە.
لەئەگەری بردنەوەی لەم یاریە ئەوا بەبێ چاوەروانی ئەنجامی یاریەكەی تری ئەم كۆمەڵەیە لەپاڵ مانچستەرسیتی بەدووەمی كۆمەڵەی سێیەم بۆ قۆناغی 16 سەردەكەوێت كە پێشتر و لە 8 بەشداری رابردوی 4 جار توانیویەتی بگاتە ئەو قۆناغە، ئەگەر یەكسان بوونی لەبەرامبەر ئەتڵانتا تۆمار كرد و دینامۆ زاگریب نەیتوانی لەیاریەكەی تر سەركەوتن تۆمار بكات ئەوا هەر دەگاتە ئەو قۆناغە.
لەبەرامبەردا ئەتڵانتای ئیتاڵی كە یەكەم جارە بەشداری لەچامپیۆنس لیگ دەكات ئەركی زۆر قورسە بۆ درێژەدان بەكاروانەكەی بەتایبەت كە لە5 یاری رابردوو بردنەوەیەك و یەكسان بوونێك و 3 شكستی هەیە و بە 4 خاڵ دواپلەی گرتووە، بۆ گەیشتنی بە قۆناغی16 سەرەتا پێویستی بەبردنەوەیە و دوای ئەوە دەبێت دینامۆزاگریب لە یاریەكەی تر بدۆرێت كە ئەوەش سیناریۆیەكی زەحمەتە بەتایبەت كە لەیاری چوونی یاریگای خۆی بەیانە ئۆكرانیەكە دۆڕاوە.
لەیاریەكی تری كۆمەڵەی سێیەم یانەی مانچستەرسیتی ئینگلیزی كە گەیشتنی بۆ قۆناغی 16 و لوتكەی ریزبەندی كۆمەڵەكەی زامن كردووە بە11 خاڵ دور لەیاریگای خۆی دەبێتە میوانی دینامۆزاگریبی كرواتی، ئەنجامی ئەم یاریە بۆ دینامۆزاگریب زۆر گرنگە لەپێناو بەدەستهێنانی بلیتی دووەمی كۆمەڵەكەی و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئەو یانە كرواتیە شكست بەمانچستەرسیتی پاڵەوانی ئینگلتەرا بهێنێت و لەهەمان كاتدا شاختار شكست بهێنێت لەسەركەوتن لەبەرامبەر ئەتڵانتا، بەڵام سەركەوتن لەبەرامبەر یانەیەكی وەك مان سیتی كە پیپ گواردیۆلای ئیسپانی راهێنەریەتی ئەركێكی هەروا ئاسان نییە كە سەرەڕای ئەوەی گەیشتنی بۆ قۆناغی داهاتوو زامنكردووە، بەڵام دەیەوێت بردنەوەیەكی تر تۆمار بكات و بەبێ شكست قۆناغی كۆمەڵەكان ببڕێت و بگاتە قۆناغی16ی ئەو خولە بەناوبانگەی ئەوروپا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە