کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ كۆتایی دێت

.

10:24 PM - 10/12/2019

لەیاریگای پارك دو پرانس و لەجەولەی شەشەم و كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی میوانداری گەڵەتەسەرای توركی دەكات.
یانە پاریسیەكە لە 5 یاری رابردوی 4 بردنەوە و یەكسان بوونێكی هەیە و بە 13 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی كۆمەڵەی یەكەم و گەیشتنی بۆ قۆناغی 16ی خولەكەی زامنكردووە و ئامانجیەتی بتوانێت بەبێ شكست كۆتایی بەكاروانەكەی بهێنێت لەقۆناغی كۆمەڵەكان و بەبەهێزی بچێتە ناو ركابەریەكانی قۆناغی 16.
هەرچی یانەی گەڵەتەسەرای توركیە كە لەیاری چوونی ناو یاریگای خۆی بەگۆڵێك بەیانە فەرەنسیەكەی دۆران، دەیەوێت لەم یاریەدا تۆڵەی ئەو شكستە بكاتەوە و لەهەمان كاتشدا بە بەدەستهێنانی 3 خاڵی یاریەكە بگەرێتەوە بەو ئامانجەی كلوب بروج لەیاریەكەی تر روبەروی شكست بێتەوە و پلەی سێیەمی ریزبەندی كۆمەڵەكەی بۆ بمێنێتەوە و لەخولی ئەوروپی درێژە بەكاروانەكەی بدات، ئەو یانە توركیە لەكۆی 5 یاری رابردوی هیچ بردنەوەیەكی تۆمار نەكردووە و 2 یەكسان بوون و 3 شكستی هەیە و بەتەنها 2 خاڵ پلەی چوارەم و كۆتایی ریزبەندی گرتووە و ئەركی لەم یاریەشدا زۆر قورس دەبێت لەبەرامبەر یانەیەكی وەك پاریس سان جێرمان كە لەریزەكانی ژمارەیەك ئەستێرەی دیار و بەتوانا هەیە بەنمونەی نەیمار داسیلڤا و كیلیان مباپێ و ئیدینسۆن كاڤانی و ماورۆ ئیكاردی و چەند یاریزانێكی تر، یانە پاریسیەكە لەژێر سەرپەرشتی تۆماس تۆشێلی راهێنەری ئەڵمانی راهێنانە ئامادەكارییەكانی ئەنجامدا بەئامادەبوونی سەرجەم یاریزانەكانی كە دەیانەوێت سەركەوتن لەبەرامبەر میوانەكەیان دووبارە بكەنەوە.
لەیاریەكی تری كۆمەڵەی یەكەم یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و خاوەن ژمارەی پێوانەیی لەنازناوی چامپیۆنس لیگ بە 13 نازناو دەچێتە بەلجیكا لەپێناو روبەروبوونەوەی یانەی كلوب بروجی ئەو وڵاتە، ریاڵ مەدرید لەژێر سەرپەرشتی زێنەدین زێدان پێش ئەم یاریە و شان بەشانی پاریس سان جێرمانی پێشەنگ گەیشتنی بۆ قۆناغی 16 زامنكرد كە ئێستا ئەو یانەیە لە2 بردنەوە و 2 یەكسان بوون و شكستێك 8 خاڵی كۆكردۆتەوە و پلەی دووەمی گرتووە و هیچ هیوایەكی نییە بۆ بەدەستهێنانی پێشەنگی بەهۆی جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانە فەرەنسیەكە كە 5 خاڵە، لەبەرامبەردا یانەی كلوب بروج لەبەردەم هەلێكدایە بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی ریزبەندی و بەشداریكردنی لەخولی ئەوروپی ئەگەر بتوانێت سەركەوتن تۆمار بكات بەبێ ئەوەی چاوەرێی ئەنجامی یاریەكەی تر بكات كە ئێستا ئەو یانەیە 3خاڵی هەیە لەپلەی سێیەم، لەیاری چوونی ناو یاریگای سانتیاگۆبیرنابیۆ یانە بەلجیكیەكە بەشێوەیەكی چاوەروان نەكراو یەكسان بونی بە2 گۆڵ بەسەر ریاڵ مەدرید سەپاند و لەم یاریەدا دەیەوێت بەپشت بەستن بەیاریگا و هاندەرانی 3 خاڵی یاریەكە و مانەوەی لەپلەی سێیەم زامن بكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە