کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بانكی ڕافیدەین پێشینە بە فەرمانبەران دەدات

.

09:04 PM - 08/12/2019


 بانكی ڕافیدەینی عیراقی ڕایدەگەیەنێت، قەرزی 50 ملیۆن دیناری دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت كە خانوو دروست دەكەن هەروەها 30 ملیۆن دیناریش بۆ ئەو مەبەستە دەداتە هاوڵاتیانی ئاسایی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ڕافیدەینی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە مەرجی پێدانی ئەو پێشینەیە كە بۆ دروستكردنی خانوو یاخود بونیادنانەوەی دەدرێتە هاوڵاتیانی ئاسایی، تەنها رەهنی خانووەكەیە لە بەرژەوەندی بانكەكەیان.
رونیشیكردۆتەوە، سەبارەت بە قەرزی فەرمانبەرانیش رەهنی ئەو خانوەی دروستی دەكات دەبێتە گەرەنتی، هەروەها پێویستە بەهای خانووەكە بەرێژەی لەسەدا 20 لە بڕی قەرزەكە زیاتر بێت.
هاوكات بانكی ڕافیدەینی عیراقی دوێنی شەممە ڕایگەیاند، كە دەست دەكەنەوە بە دابەشكردنی پێشینەی 25 ملیۆن دیناری بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت، كە مووچەكانیان لەلایەن بانكەوە دابەشدەكرێت‌و قەرزەكەش لەڕێگەی ماستەر كارتەوە دابەش دەكەن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو پێشینەیە پشت دەبەستێت بە مووچەی فەرمانبەرەكە، كە بتوانێت لەسەدا 50ی مووچەی مانگانەكەی بكاتە قیستی مانگانەی پێشینەكە.
پێدانی ئەو پێشینەیە بە فەرمانبەرانی عیراق لەكاتێكدایە، كە چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە پێشینەیەك نادرێتە فەرمانبەران، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی ڕاژەو مووچەیان لەسەر بەغدایە داتوانن سوود لەو پێشینانەی عیراق وەربگرن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە