کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەفدەكەی هەرێم لەسەر بودجەو نەوت سەردانی بەغدا دەكاتەوە

.

05:22 PM - 24/11/2019

(جوتیار عادل) وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەفدەكەیان لەسەر پرسی بودجەو نەوت لەگەڵ بەغدا گەیشتونەتە لێكتێگەیشتنی باش و سبەینێ جارێكی تر وەفدەكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
دوای كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەفدی هەرێم بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانەكەیان‌و گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عیراق تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020، (جوتیار عادل) وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغدا قۆناغێكی گرنگ‌و پێشكەوتویان بڕیوە‌و لە كەشێكی ئەرێنیدی بەڕێوەدەچن‌و هەروەها كۆبوونەوەكەیان بەرهەمدار بووەو  لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن، سبەینێش بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
وتیشی، وەفدەكە ئەو پڕەنسیپانەی خستەڕو كە لە ئەنجامی سەردانەكەیان گەڵاڵە بون و دەبنە بنەمای رێككەوتنی كۆتایی پرسی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2020، بەجۆرێك كە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولا رەچاو بكرێت‌و ماف‌و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابینبكرێت كە لە دەستوردا هاتووە لە بەرامبەر پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە