.
02:06 PM - 22/11/2019
به‌رز و شكۆداربێت ڕۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتی
به پێی دین و دونیا شه‌هید خاوه‌نی گه‌وره‌ترین مه‌ڕته‌به‌یه. ئه‌وان شیرین‌ترین و به‌به‌هاترین شتیان به‌خشیوه كه رووحه، كه‌س و كاری شه‌هیدان دووهه‌مین مه‌ڕته‌به‌ی ڕێزن دوای شه‌هیده‌كه خۆی، چۆن كه‌سێك باوكی و یه‌كێك براكه‌ی و هه‌ندێكیش دایك یان خوشكیان به‌خشیوه، ئه‌وه‌ی له دوای رووح گرنگه و به‌خشیویانه كه‌س و كاری شه‌هیدانن كه كه‌سێكی نزیكیان له‌ده‌ستداوه..
یه‌كێتی خاوه‌نی زیاتر له بیست هه‌زار شه‌هیده، هیچ شوێنێكی ئه‌م كوردستانه نییه یه‌كێتی شه‌هیدی تیادا نه‌دابێت، هیچ رۆژێكی ساڵ نییه ڕۆڵه‌یه‌كی یه‌كێتی تیایدا شه‌هید نه‌بووبێت، 21/11 رۆژی شه‌هید بوونی خاڵه شه‌هاب و هاوڕێكانی ته‌نها ره‌مزێكه كه له رێگه‌ی ئه‌و سێ شه‌هیده سه‌ركرده‌یه‌وه ته‌عبیر له هه‌موو شه‌هیدان ده‌كات.
كه‌م نین ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له زینداندا له ئیعتراف نه‌كردن و له سه‌ربه‌رزیدا شه‌هید بوون، كه‌م نین ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له سه‌نگه‌ره‌كاندا تا دوا فیشه‌ك به‌ره‌نگاریان كردووه و دواتر دوا فیشه‌كیان ناوه به خۆیانه‌وه، كه‌م نین ئه‌و كه‌ڵه شه‌هیدانه‌ی به‌عس به زیندووی پێیان نه‌وێراوه به‌ڵام به لاشه‌كانیان وێراوه و شێواندوویه‌تی و به‌دوای سه‌یاره‌دا رایكێشاوه، كه‌م نین ئه‌و شه‌هیدانه‌ی تاقانه‌ی دایك و باوكێك بوون، له دوای خۆیان جه‌رگی سوتاوی دایك و ریزێك منداڵیان هه‌تیو خستووه.
یه‌كێتی هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبونی و هه‌ڵگیرسانی شۆڕش تاكو ئێستا به‌رده‌وام له پێناو خاك و نه‌ته‌وه شه‌هیدی داوه، هه‌ر له ساتی دروستبوونییه‌وه سه‌ركرده‌كانی وه‌ك پێشمه‌رگه نه‌به‌رده‌كانی له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگارییه‌كان بوون، ئه‌و رێبازه‌ی مام ره‌نگڕێژی كرد تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه، بۆیه له جه‌نگی تیرۆردا یه‌كێتی جارێكی تر به‌هه‌مان رێبازه‌وه چووه‌وه مه‌یدان و له پاڵ عه‌مید شێركۆ و لیوا حسێن مه‌نصوردا سه‌دان شه‌هیدی دیكه‌ی به نیشتیمان به‌خشیوه، كه مه‌حاڵه بتوانرێت لێره‌دا ناویان بهێنرێت.
درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان،
سه‌بوری و ئارامی بۆ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزیان،
په‌روین بابه‌كر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە