.
06:12 PM - 21/11/2019
پارەكەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران گەیشتە هەرێمی كوردستان و بریاریشە لە هەفتەی داهاتووەوە بەپێی خشتەیەكی نوێ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران بكرێتەوە.
لەوبارەیەشەوە عابد مزوری بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم رایگەیاند: لەپاش نیوەرۆی ئەمرۆوە فەرمانی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە گەیشتووەتە هەولێرو بەپێی فەرمانەكەش بڕە پارەی دیاریكراو بۆ پێدانی مووچە دەدرێتە وەزارەتی دارایی .
هاوكات بەپێی ئەو خشتە نوێیەبێت كە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پێدانی مووچە بڵاوكراوی كردۆتەوە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو مووچەی وەزارەتەكانی ( ئەوقاف، خوێندنی باڵا، ناوخۆو شارەوانی) و وەزارەتەكانی (كارەبا و گواستنەوە و پلاندانان و وەزارەتی كشتوكاڵ) دابەشدەكرێت لەگەڵ پێدانی مووچە لەو رۆژەدا بە (بەرێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، لیوای نەوت، فەرماندەی زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، دەزگای ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم).
هەروەك لە هەمان رۆژدا مووچەی دەستەكانی (وەبەرهێنان ، دەستەی دەسپاكی، ژینگە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین) دابەش دەكرێن.
هەروەها بۆ رۆژی دووشەممە مووچەی وەزارەتەكانی(پیشەسازی و بازرگانی، رۆشنبیری، ئاوەدانكردنەوە، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران) دابەش دەكرێت و رۆژی سێشەمەش دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە دەكرێت و رۆژی چوارشەممەش مووچەی خانەنشینانی شارستانی دابەش دەكرێت و كۆتایی بە پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئاب دەهێنرێت .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە