کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خۆپیشاندانەكانی ئێران دژی گرانكردنی نرخی بەنزین فراوانتر دەبێت

.

04:10 PM - 16/11/2019



خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێران لە دژی گرانكردنی نرخی بەنزین فراوانتربوون‌و  ئەمڕۆش لەشاری تارانی پایتەخت ‌و شارە گەورەكانی وەك ئەهواز‌و شیراز‌و تەبرێز‌و لە رۆژهەڵاتی كوردستان‌و چەند شارێكی تر خۆپیشاندان دەستیپێكردەوە‌و خۆپیشاندەران لە چەند شوێنێك هەوڵی سوتاندنی كۆگاكانی نەوتیان داوە.
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی بەرچاو فراوانتر بوون ‌و خۆپیشاندەران لە شاری سیرجان ‌و چەند شوێنێكی تر هەوڵی سوتاندنی چەند كۆگایەكی سوتەمەنیان داوە.
هاوكات دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دژی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین خۆپیشاندانیان رێكخست ‌و لە شارەكانی كرماشان‌و سنە‌و بانە‌و مەریوان‌و چەند شوێنێكی تر هاتنەسەر شەقامەكان‌و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانیشەوە هەوڵدەدرێت بڵاوە بەخۆپیشاندەران بكرێت.
خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێران دوای ئەوە دێت كە رۆژی هەینی حكومەتی ئێران نرخی یەك لیتر بەنزینی بۆ سێ هێندەی پێشوو بەرزكردەوە، بەپێی بڕیارەكەش شۆفێران دەتوانن مانگانە 60 لیتر بەنزین بەنرخی حكومی وەربگرن، كە هەزار‌و 500 تمەنە بۆ هەر لیترێك، نرخی ئازادیش بۆ هەر لیترێك 3 هەزار تمەنە، ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر نرخی یەك لیتر بەنزین لە ئێران هەزار تمەن بووە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە