کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

داڤید ڤیا وازهێنانی لەیاریكردن راگەیاند

.

11:26 PM - 13/11/2019

داڤید ڤیای گۆڵكاری مێژویی هەڵبژاردەی ئیسپانیا رایگەیاند: لەكۆتایی ئەم ساڵ سنورێك بۆ كاروانی یاریكردنی دادەنێت و واز لەیاریكردن دەهێنێت.
ڤیای تەمەن 37ساڵ و هێرشبەری پێشوی یانەی بەرشەلۆنە لەئێستادا لەریزی یانەی ڤیسڵ كوبی ژاپۆنی یاری دەكات كە لە گەڵیدا بەشداری لە26 یاری كردووە و لەرێگەیەوە 12 گۆڵی تۆماركردووە.
ڤیا دوای دووركەوتنەوەی لەیاریكردن لەگەڵ كۆمەڵێك وەبەرهێن یانەی كوینز بۆرۆی ئەمریكی بەرێوەدەبات كە ئەو یانەیە لەخولی پلە دووی ئەمریكی ركابەری دەكات. ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە: سەرەڕای دووركەوتنەوەی لەیاریگا وەك یاریزان، بەڵام هەمیشە لەو جیهانەدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەرێگایەكی تر و هاوكار دەبێت بۆ جیهانی تۆپی پێ.
داڤید ڤیا كە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی جیهانی 2010 و جامی ئەوروپای 2008 ی بەدەستهێناوە.
كاروانی یاریكردنی لەیانەی سپۆرتینگ خیخۆنی ئیسپانی یەوە دەستپێكرد لەساڵی 2001وە تا 2003، دواتر و لەساڵی 2003 تا 2005 لەریزەكانی ریاڵ زاراگۆزا یاری كرد، پێش ئەوەی لە2005 تا 2010 ببێتە یاریزانی ڤالانسیا و لەوێشەوە پەیوەندی بەیانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لەو یانە كەتەلۆنیە لەنێوان ساڵانی 2010 تا 2013 یاری كرد و لەساڵی 2013 تا 2014 بوو بە یاریزانی ئەتڵەتیكۆمەدرید و دوای ئەوە ئەوروپای بەرەو ئەمریكا بەجێهێشت و لەیانەی نیۆیۆرك سیتی لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2018 یاری كرد، پێش ئەوەی لەساڵی 2019 بچێتە یانەی ڤیسڵ كوبی ژاپۆنی.
جێی ئاماژەپێكردنە: داڤیدا ڤیا خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لەژمارەی ئەو گۆڵانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تۆماریكردون كە لە 98 یاریدا 59 گۆڵی تۆماركردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە