کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەیاریەكی پڕ لەگۆڵدا چیڵسی و ئەیاكس یەكسان بوون

.

05:18 PM - 06/11/2019

لە یەكێك لە جوانترین و بەهێزترین و كاریگەرترین یاریەكانی جەولەی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و لەكۆمەڵەی هەشتەم یانەی چیڵسی ئینگلیزی لەیاریگای ستامفۆرد بریدج پێشوازی لەیانەی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی كرد.
یاریزانانی ئەیاكس زۆر بواریان بەیانەی خاوەن یاریگا نەدا و لەدوای 2 دەقیقە یاریكردن گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنیان بەهەڵەی تامی ئەبراهامی یاریزانی چیڵسی تۆماركرد، دوای ئەوە بەیەك دەقیقە یانەی چیڵسی لێدانێكی پەناڵتی بۆ ئەژمار كرا و جۆرجینهۆ لەدەقیقەی 5 سەركەوتووانە توانی گۆڵی یەكسانكردنەوەی پێ تۆمار بكاتەوە، خۆشی ئەو یەكسانكردنەوەیە زۆری نەخایاند و لەدەقیقەی 20دا كوینسی برۆمیس بەلێدانی سەر گۆڵی دووەم و پێشكەوتنی ئەیاكسی تۆماركرد، دوای ئەوە فشارەكانی یانەی میوان بەردەوام بوو لەدەقیقەی 35 و لەرێگەی لێدانێكی راستەوخۆوە حەكیم زەیاش بەهاوكاری كیپای گۆڵچی چیڵسی و گۆڵی سێیەمی تۆماركرد و لەگێمی یەكەمدا ئەیاكس 3 بە 1 لەپێشەوە بوو.
لەگەڵ دەستپێكردنی گێمی دووەم فرانك لامپاردی راهێنەری بلوز یەكەم گۆڕانكاری ئەنجامدا، لەدەقیقەی 52 ئەبراهام نزیك بوو گۆڵی دووەمی چیڵسی تۆمار بكات، بەڵام گۆڵچی ئەیاكس لێهاتووانە بەرپەرچی دایەوە، لەدەقیقەی 55 هاندەرانی چیڵسی زۆر بێهیوا بوون دوای ئەوەی دۆنی ڤان دی بیك گۆڵی چوارەمی ئەیاكسی تۆماركرد، دوای ئەوە لامپارد دووەم گۆڕانكاری ئەنجامدا و یانەی چیڵسی توانی جڵەوی یاریەكە بگرێتە دەست و لەدەقیقەی 63 سیزارئازبلكویتا توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و جیاوازیەكە كەمبكاتەوە.
لەدەقیقەی 68 بارودۆخی یاریەكە پێچەوانە بۆوە و ناوبژیوان بەكارتی سوور دالی بلیندی كردەوە و دواتر و دوای گەرانەوە بۆ ڤار بەهەمان شێوە جویل ڤاڵتمانیشی لەیانەی ئەیاكس كردە دەرەوە و لێدانێكی پەناڵتی بۆ چیڵسی ئەژمار كرد و جۆرجینهۆ لەدەقیقەی 71 جێبەجێی كرد و توانی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەكەی پێ تۆمار بكات.
یاریزانانی یانەی خاوەن یاریگا توانیان كەمی ژمارەی یاریزانانی ئەیاكس بقۆزنەوە و لەدەقیقەی 74 گۆڵی چوارەم لەرێگەی ریبیس جیمس تۆمار بكەن و ئەنجامەكە یەكسان بكەنەوە، دواتر و لەدەقیقەی 78شدا ئازبیلكویتا گۆڵی پێنجەمی تۆماركرد، بەڵام دوای گەرانەوە بۆ تەكنەلۆژیای ڤار بەهۆی بەركەوتنی تۆپەكە بەدەستی ئەبراهام گۆڵەكە رەتكرایەوە.
لەدەقیقەی 86 كیپای گۆڵچی چیڵسی گۆڵەكەی لەمەترسیەكی راستەقینە پاراست، بەهەمان شێوە ئۆنانای گۆڵچی ئەیاكس لەدەقیقەی 89 بەرپەرچی  مەترسیەكی ئۆدۆی یاریزانی چیڵسی دایەوە و لەكۆتایدا یاریەكە بەیەكسان بوون و بە 4 گۆڵ بۆ هەردوو یانە تەواوبوو و هەردوو یانە خاڵەكانیان لەپلەكانی یەكەم و دووەمی ریزبەندی كردە 7 خاڵ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە