کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بوروسیادۆرتمۆند یاری لوتكەی لەئینتەرمیلان بردەوە

.

01:57 PM - 06/11/2019

یاریگا جوانەكەی سیگناڵ ئیدۆنا پارك و هاندەرە زۆر و سەرنج راكێشەكەی بووە شانۆی بەرێوەچوونی یاری لوتكەی كۆمەڵەی شەشەم لەجەولەی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێوان بوروسیادۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی.
سەرەتا تیپەكەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی باشتر خۆیان نمایش كرد و لەدەقیقەی 4 دا لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی لەناوەراستی یاریگاوە و تۆپێكی لەئەكانجی یاریزانی دۆرتمۆند وەرگرت و دوای بڕینی بەرگریكاران تۆڕی گۆڵی یانەی خاوەن یاریگای هەژاند و گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی ئینتەرمیلانی تۆماركرد، دوای ئەوە دۆرتمۆند لەدەقیقەی 18 و لەرێگەی ماریۆ گۆتزە نزیك بوو ئەنجامەكە یەكسان بكاتەوە، بەڵام هاندانۆڤیچی گۆڵچی گۆڵەكەی پاراست.  
پێش كۆتایی هاتنی گێمی یەكەم بە5 دەقیقە و لەهێرشێكی رێكخراودا ئینتەرمیلانی توانی گۆڵی دووەم لەرێگەی ماتیاس ڤیچینۆ تۆمار بكات و لەو گێمەدا بەو دوو گۆڵە پێش بكەوێت.
لەگێمی دووەم یانەی دۆرتمۆند زۆر چاوەرێی نەكرد و لەدەقیقەی 51 گۆڵێكی لەرێگەی ئەشرەف حەكیمی مەغریبی تۆماركرد و جیاوازیەكەی كەمكردەوە، لەدەقیقەی 64 یشدا جۆلیان براندت تۆڕی گۆڵی هاندانۆڤیچی هەژاند و ئەنجامەكەی بۆ دۆرتمۆند یەكسان كردەوە و خۆشی خستەوە ناو دڵی هاندەران،دوای ئەوە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی یانەی خاوەن یاریگای یاریزانانی ئینتەرمیلان گەرانەوە بۆ بەرگریكردن و لەدەقیقەی 77 ئەشرەف حەكیمی ئەستێرەی دیاری یاریەكە دوای گۆڕینەوەی تۆپ لەگەڵ جادۆن سانچۆ توانی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەكەی تۆمار بكات و بەتەواوی خۆشی بخاتە ناو یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارك.
دوای ئەوە یانەی ئینتەرمیلان هەوڵی زۆریدا ئەنجامەكە یەكسان بكاتەوە، بەڵام بەهێزی هیڵی بەرگری دۆرتمۆند ببووە رێگر لەبەردەمیدا و دواجار یانەی بوروسیا دۆرتمۆند توانی یاریەكە بە3 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ لەئینتەرمیلان بباتەوە، بەو ئەنجامەش بوروسیادۆرتمۆند بە7 خاڵ بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی كۆمەڵەی شەشەم سەركەوت، بەڵام ئینتەرمیلان لە4 خاڵدا مایەوە و بۆ پلەی سێیەم دابەزی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە