کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەرهەمی خۆماڵی 65% پێداویستی بازاڕ دابین دەكات

.

03:47 PM - 24/10/2019

رێژەی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی 65% پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و لەو بڕەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی تری عێراق دەكرێت.
لەو بارەیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبومی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەگەڵ پێگەیشتنی بەشێك لە بەروبومی ناوخۆیی جوتیاران و قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەروبومانە توانراوە كاریگەری زۆر لەسەر بوژانەوە و گەشەسەندنی بەروبومی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەروبومی جوتیاران دروست بكرێت.
ووتیشی: وەك پاڵپشتیەك بۆ جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بڕیاری وەرنەگرتنی (عمولە) لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی بەتەواوی جێبەجێ دەكرێت و بەوەش لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت، هەروەك لە كۆبوونەوەكەشدا پێشنیار كرا باجی زیاتر بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی سەوزەو  میوە كە لە دەرەوە  هاوردە دەكرێت.
جێی ئاماژەیە بەپێی ئەو ئامارانەی لە عەلەوەی سلێمانی تۆمار كراوە بۆ ئەمساڵ و لەم وەرزەدا (50 بۆ 60) هەزار تۆن هەنار و (200 بۆ 300) تۆن ترێ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت, كە بەوەش دەتوانرێت بەتەواوی پێداویستی بازاڕ دابین بكرێت و بەشێكیشی رەوانەی شارەكانی تری عێراق بكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە